حزبە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لایەنە جیاوازەکان لە سوریا دەکەن

دوایین نوێکردنەوە 2024-12-20 22:55:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

گۆڕانکارییەکانی سوریا و ئاڵۆزی نێوان هێزە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا وهێزەکانی سوریای دیموکراتیک، لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ سەر چەند بەرەیەک دابەشکردووە، لەکاتێکدا زۆربەی دانیشتوانی هەرێم هاوسۆزن لەگەڵ کوردەکانی سوریادا. پارتی دیموکراتی کوردستان پاڵپشتی ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا (ئەنەکەسە) دەکات، یەکێتی نیشتمانی و چەند لایەنێکی تر پشتگیری خۆیان بۆ هەسەدە دووپاتکردووەتەوە، هێزە ئیسلامییەکانیش بە هاوسۆزی لەگەڵ دەستەی تەحریر شام و جێبەجێکاری ئەجێندای تورکی تۆمەتبار دەکرێن. عومەر گوڵپی، سەرکردەی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ڕوانینی ئیسلامییەکان بۆ دۆخی سوریا هەڵەی تێدا نەبووە، بەڵکو ڕوانینی یەکێتی و پارتی بۆ دۆخی سوریا هەڵەیە و دابەشبوون بەسەر بەرەی جیاوازی ئیقلیمی. ئیسلامییەکان خۆشحاڵن بە کەوتنی دیکتاتۆرێک و گوتاریان لەمە تێنەپەڕیووە بۆ وردەکاری کێشەی سوریا." دوای کەوتنی رژێمی سوریا و هەڵاتنی سەرۆک کۆماری پێشووی سوریا بۆ ڕوسیا، بەرپرسانی کۆمەڵی دادگەری و بزووتنەوەی ئیسلامی خۆشحاڵی خۆیان بۆ گرتنە دەستی جڵەوی دەسەڵاتی سوریا لەلایەن دەستەی تەحریر شامەوە دەربڕی. ڕۆژی 17 ی مانگی 12 ی 2024، میدیاکانی یەکگرتووی ئیسلامی بڵاویانکردەوە، سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتوو لەسەر داوای وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەردانی ئەو وڵاتەکەی کردووە، لەکاتێکدا تورکیاو هێزە نزیکەکانی هەڕەشە لە بەشێک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەکەن. هەرچەندە هێشتا بەرپرسانی یەکگرتووی ئیسلامی ئەجێندای سەردانی ئەمیرەکەیان بۆ تورکیا نەخستووەتەڕوو، بەڵام لەسەر ئاستی شەقامی کوردی ئەو حزبە بە ئیخوانی و لایەنگری سیاسەتی ئەردۆغان تۆمەتبار دەکرێت. عومەر گوڵپی دەڵێت،"هەسەدە هەڵەی سیاسی کرد کە نەبووە بەشێک لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بە پاساوی جیا جیا، هیوادارین سوریای سەردەمی نوێ سوریای هەموو پێکهاتەکان بێت بە کورد و عەرەب و موسڵمان و مەسیحی و پێکهاتەکانی ترەوە." پارتی دیموکراتی کوردستان، کە بە هێزێکی نەیاری پەکەکە هەژمارد دەکرێت و هێزەکانی سوریای دیموکراتیش بەلایەنگیری پەکەکە تۆمەتبار دەکات، پاڵپشتی خۆی بۆ ئەنجومەنی نیشتمانی سوریای ڕکابەری هەسەدە ناشارێتەوە.  یەکێتی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان و چەند لایەنێکی تریش، لە ڕێگەی بەیاننامەو گوتاری سیاسی بەرپرسەکانیانەوە، پشتگیری خۆیان بۆ هەسەدە دەربڕیووەو دژی هێرشکردنی گروپەکانی نزیک لە تورکیا بۆ سەر هەسەدە ناڕەزایەتییان دەربڕیووە. ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22 ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لایەنە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان و سوریا بیروبۆچوون و تێڕوانینی جیاوازیان هەیە، بەڵام کوردستانی سوریا بابەتێکی نەتەوەییەو سەرەڕای جیاوازییەکان، دەبێت هەموو لایەک لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا هاوڕاو هاودەنگ بین." دەشڵێت،"یەکدەنگی کورد لە سوریا لەم قۆناغە هەستیارەدا پێویستە، گرنگە کورد بە یەک تیم و بەیەکگرتوویی دانوستان بکات و پێشوەخت لایەنە کوردییەکانی هەرێم و ڕۆژاڤا پێکەوە کۆببنەوە، پرۆژەیەکی هاوبەشیان هەبێت   بۆ دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریا." جەختیشیکردەوە،"دابەشبوونی کورد لە سوریا بۆ گفتووگۆ و دانوستان بە زیان بۆ سەر پێگەی کورد و مافەکانی دەکەوێتەوە." هەرچەندە لایەنە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ڕووداوەکانی سوریا هەریەکەو لە ئاوازێک دەخوێنن، بەڵام لەسەر ئاستی شەقامی هەرێم هاوسۆزییەکی گەورە لەگەڵ کوردانی سوریا دەبینرێت. لەبەشێک لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی وێڕای ئەوەی نیگەرانن لە گوتار جیایی حزبە کوردییەکان  کەمپینی کۆکردنەوەی پارەو هاوکاریشیان بۆ کوردانی سوریا ڕاگەیاندووە. مەلا فەرمان کەرکوکی، چاودێری سیاسی و یەکێک لەسەرپەرشتیارانی کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ کوردەکانی کوردستانی سوریا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لە هەرێمی کوردستان خەڵک لە دۆڵێکەو حزبەکان لە دۆڵێکی ترن، دابەشبوونی حزبەکان زۆر مەترسیدارە، دەبووایە هەموو حزبەکان پێکەوە بن و یەک گوتاریان بۆ داکۆکیکردن لە کوردەکانی سوریا هەبووایە." ئەو وتیشی،"بەرژەوەندی ئابووری و تێڕوانینی ئاینی و جیاوازی مەزهەبی ڕۆڵیان هەیە لە دابەشبوونی حزبە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان، میللەت و نیشتمانیان کردووەتە قوربانی ئایدیا." بۆچوونی جیایی هێز و لایەنە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ڕووداوەکانی سوریا لەکاتێکدایە، ئەو لایەنانە لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش لە زۆرێک لە پرسە گرنگەکاندا ناکۆک و ناتەبان.