لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر قەیرانێک و شەڕ و ئاڵۆزییەکدا، جا ئەو قەیرانە ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتی بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڵبەت بە کوردستانیشەوە ژنان زیاتر دەبنە قوربانی، لە کاتێکدا ژنان بەشدارنەبوون لە دروست بوونی ئەو قەیرانانەدا . ژنان و کچانی کورد لە زۆربەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکدا، قوربانی سەرەکی بوون، لە کۆمەڵکوژی کوردانى ئێزدی بە دەستی داعش، بینیمان بەشی هەرە زۆری قوربانییەکان ژنان و کچان بوون، هەر لە کوشتن و ڕفاندن و فرۆشتنەوە بگرە هەتا دەستدرێژی و کوشتنیان، ئەمە نمونەیە بۆ تەواوی قەیرانەکانی تر کە ژنان و منداڵان قوربانی هەرە سەرەکین. نیگەرانییەکان لەمەڕ داهاتووی ژنان لە سوریا لە چەند ڕۆژی ڕابروودا ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان داوای لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کار بۆ کۆتاییهێنان بە پێشێلکارییەکان لە دژی ژنان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بکات، بەتایبەتی لە ناوچەکانی عەفرین، تەل ڕەفعەت، شەهبا و مەنبەج. ڕێکخراوەکە داوای "ڕاگرتنی پێشێلکاری و ئاوارەبونی زۆرەملێی ژنان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات". لە لایەکی دیکەوە، سەرەڕای ئەوەی گرووپی هەیئەت تەحریر ئەلشام بانگەشەی ئەوە دەکات کە پشتگیری لە خوێندن و پەروەردەی ژنان دەکات لە سوریا و نایەوێت ئەو ڕێگە و شوێنە توندانەی لە ئەفغانستان بەرامبەر ژنان پەیڕەو دەکرێن لە سوریا پەیڕەو بکرێن. بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکان، پێش ڕووخانی بەشار ئەسەد، گرووپی هەیئەت تحریر ئەلشام هەڵوێستێکی توندی بەرامبەر مافەکانی ژنان لە ئیدلب نیشان داوە و ڕێوشوێنی توندی گرتووەتە بەر بەرامبەر چۆنیەتی پۆشینی جلوبەرگ و جوڵە و ڕۆڵی ژنان لە شوێنە گشتییەکان و بوارە جیاوازەکاندا. ئەمەش نیگەرانییەکی گەورە سەبارەت بە داهاتووی مافەکانی ژنان لەو وڵاتەدا دروست دەکات. لە نێو کێبڕکێی لایەنە جیاوازەکان بۆ کۆنترۆڵکردن دەسەڵات لە سوریا، توندوتیژی و نادڵنیایی پەرەی سەندووە، لەنێو ئەوانەی قورسایی ئەم گێژاوەیان کەوتووەتە سەر ژنانی سوریا هەن، پێشتریش چەندین ڕاپۆرت ئاماژەیان بە هەڵکشانی توندوتیژی لە دژی ژنان کردووە. لەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی ئەمرۆدا، وە بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژنان کەوتوونەتە ناو سەخترین و قورسترین فشار بە هەموو ڕەهەندەکانى ئابورى، دەروونى و کۆمەڵایەتیەوە، ئەمە جگە لە بەرپرسیاریەتی گەورەى ژیان و بژێوى و ئاسایشى منداڵەکانیان.