لە کاتێکدا کە گروپە چەکدارییە توندڕەوەکانی لایەنگری تورکیا خۆیان کۆکردووەتەوە دژییان لە باکووری سوریا، دیمەشقیش لە ژێر کۆنتڕۆڵی گروپێکی دۆستی تورکیادایە، کوردەکانی سوریا پێویستییانە بەرگری لە خۆیان بکەن لە کاتێکدا کە هەوڵ دەدەن ئەو دەستکەوتە سیاسییانە بپارێزن کە لە ماوەی شەڕی 13 ساڵی ناوخۆی سوریادا بە دەستییان هێناون. کوردەکانی سوریا کۆنتڕۆڵی نزیکەی چارەکێکی سوریایان کردووە و سەرکردایەتی هێزێکی بەهێز دەکەن کە گرنگترین هاوپەیمانی ئەمەریکایە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی داعشدا. دوو شرۆڤەکار و دیبلۆماتێکی باڵای ڕۆژئاوا بە ڕۆیتەرزییان وت لە دوای ئەوەی کە گروپی هەیئەت تەحریر ئەلشام کۆنتڕۆڵی دیمەشقی کردەوە و ڕژێمەکەی بەشار ئەسەددیان دوورخستەوە، هاوسەنگی هێز لە سوریادا ئێستا لە دژی ئەوانە. پێشبینی دەکرێت گۆڕانکارییە گەورەکەی سوریا کاریگەریی قوڵتری تورکیا دروست بکات، هەروەک گۆڕانکاری لە بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکادا پرسیار دروست دەکات لەسەر ئەوەی کە واشنتن تا کەی بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هێزە کوردییەکانی ئەو وڵاتە. بۆ تورکیا، هێزە کوردییەکان مەترسیین لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی. ئەنکەرە وەکو بەشێک لە پارتی کرێکارانی کوردستان سەیرییان دەکات، کە ماوەی 40 ساڵە لە ململانێدایە لەگەڵیدا. ئارۆن لوندی ئەندامی ناوەندی نێودەوڵەتی لە واشنتن دەڵێت کوردەکانی سوریا " لە کێشەیەکی زۆر قووڵدان." وتی " هاوسەنگییەکە لە سوریا بە شێوەیەکی بەرچاو لە بەرژەوەندی گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری تورکیا گۆڕاوە، تورکیاش وادیارە کە سوورە لەسەر ئەوەی بە تەواوەتی سوود لەمە وەربگرێت." گۆڕانەکە ڕەنگدانەوەی هەبووە لە شەڕەکەدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی باکووری سوریا، کە لەوێ گروپی چەکداریی سوپای نیشتیمانی سوریا کە تورکیا پشتیوانی لێدەکات پێشڕەوی سەربازیی کردووە دژی هێزە کوردییەکان بە سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک. فەنار ئەلکایتی بەرپرسی باڵا لە بەڕێوبەرایەتییەکەی کوردەکان، بە ڕۆیتەرزی وت دوورخستنەوەی ئەسەد کە پارتەکەی دەیان ساڵە کوردەکانی سەرکوت کردووە، دەرفەتێکی ڕەخساند بۆ ئەوەی وڵاتە دابەشبووەکە یەکبگرێتەوە. وتی بەڕێوبەرایەتییەکە ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ تورکیادا بکات، بەڵام شەڕەکە لە باکوور دەریخستووە کە تورکیا " نیازی زۆر خراپی " هەیە. وتیشی " ئەمە بە دڵنیاییەوە ناوچەکە بەرەو ململانێیەکی نوێ دەبات." ڕۆژی هەینی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی پێشبینی دەکات وڵاتانی بیانی پشتیوانییەکانییان بۆ هێزە کوردییەکان بکشێننەوە، ئەمە لە کاتێکدا کە ئەنکەرە دەیەوێت یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد پەراوێز بخات کە سەرکردایەتی هاوپەیمانێتییەکەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەکات. بەرپرسێکی تورکیا کاتێک لەلایەن ڕۆیتەرزەوە پرسیاری لێکرا وتی ڕەگ و ڕیشەی ململانێکە " دیدی تورکیا نیە بۆ ناوچەکە: ئەوەیە کە پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد ڕێکخراوی تیرۆریستین." وتی " پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد دەبێت چەکەکانیان دابنێن و سوریا جێبهێڵن." سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک مەزڵوم عەبدی لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆیتەرز دانی بە بوونی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستاندا نا لە سوریا، وتی یارمەتیدەر بوون لە شەڕی دژ بە داعشدا و لە ئەگەری ئاگربەستدا لەگەڵ تورکیادا دەگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان. ڕەتی کردەوە هیچ پەیوەندییەکی ڕێکخراویی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا هەبێت. هاوکات لە دیمەشق سەرکردایەتییە نوێیەکە گەرموگوڕی بەرامبەر ئەنکەرە پیشانداوە و ئاماژەی بەوە داوە کە دەیەوێت هەموو سوریاییەکان بهێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی ناوەند، ئەوەش دەکرێت ئاستەنگییەک بێت لەبەردەم ئەو لامەرکەزییەی کە کوردەکان دەیانەوێت. لە کاتێکدا کە تورکیا ڕاستەوخۆ پشتیوانی سوپای نیشتیمانی سوریا دەکات، لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا گروپی هەیئەت تەحریر ئەلشام وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆیستی دەناسێنێت بەهۆی ئەوەی کە پێشتر سەر بە ئەلقاعیدە بووە. دیبلۆماتکارێکی باڵای ڕۆژئاوا وتی سەرەڕای ئەمەش، باوەڕوایە تورکیا کاریگەرییەکی گەورەی بەسەر هەیئەت تەحریر ئەلشامدا هەبێت، " تورکەکان ئاشکرایە کە دەتوانن زیاد لە هەموو کەسێکی دیکە کارییان بکەنە سەر." سەرکردەی هەیئەت تەحریر ئەلشام ئەحمەد ئەلشەرع بە ڕۆژنامەیەکی تورکیایی وت کە دوورخستنەوەی ئەسەد " تەنها سەرکەوتنی گەلی سوریا نەبووە بەڵکو سەرکەوتنی گەلی تورکیاش بووە." بەرپرسە تورکیاییەکە وتی گروپی هەیئەت تەحریر ئەلشام هەرگیز لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەنکەرەدا نەبووە، وتی پێکهاتەیەک بووە کە " بەهۆی هەلومەرجەکانەوە گفتوگۆمان لەگەڵدا کردوون " و ئاماژەی بەوەدا کە زۆرێک لە وڵاتانی دیکەش ئەوە دەکەن. کوردەکانی سوریا بە سەرکردایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد کۆنتڕۆڵی زۆربەی باکووری سوریایان کرد دوای ڕاپەڕینەکەی دژ بە ئەسەد لە ساڵی 2011 دا، بەڕێوبەرایەتییەکی تایبەت بە خۆیانیان دامەزراند و نەیانویستووە لە سوریا جیا ببنەوە. سیاسەتەکەیان جەخت لە کۆمەڵایەتی و فێمینیزم دەکاتەوە، کە ئەوەش بە تەواوەتی جیاوازە لە سیاسەتە ئیسلامییەکەی هەیئەت تەحریر ئەلشام. ناوچەکەیان فراوانبوو کاتێک ئەمەریکا هاوبەشی کرد لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتیکدا لە هەڵمەتەکەی دژ بە ڕێکخراوی داعشدا و زۆربەی ناوچە عەرەبییەکانییان کۆنتڕۆڵ کرد. سوپای نیشتیمانی سوریا بە پشتیوانی تورکیا هەڵمەتەکەیان دژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەستپێکردەوە لە کاتێکدا کە ئەسەد لە ڕووخاندابوو، لە 9 ی مانگی دوانزەدا شاری مەنبجییان کۆنتڕۆڵ کرد. واشنتن نێوەندگری کرد لە ئاگربەستێکدا، بەڵام هێزەکانی سوریای دیموکراتیک وتییان تورکیا و هاوپەیمانەکانی پابەندی ئاگربەستەکە نەبوون، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری تورکیاش وتی هیچ جۆرە ڕێککەوتنێکی لەوشێوەیە بوونی نەبووە. هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە سەرکردایەتی کوردەکان هاوپەیمانی ئەمەریکان و ڕۆڵێکی گرنگ و سەرەکییان هەبووە لە ناوبردنی خەلافەتی داعشدا لە سوریا، پشتیوانییەکانی ئەمەریکاش بۆ هێزەکە بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن هۆشداریداوە دەڵێت هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەبێت وازییان لێبهێندرێت کاری خۆیان بکەن لە کاتێکدا کە هێشتا پاسەوانی زیندانەکان دەکەن کە دەیان هەزاران زیندانی پەیوەست بە داعشییان تێدایە. بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنیش وتوویەتی کە هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا دەمێننەوە، بەڵام دەکرێت سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ئەو هێزانە بکشێنێتەوە کاتێک لە 20 ی مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا دەستبەکاردەبێت. لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیەکەیدا، ترامپ هەوڵیدا هێزەکان لە سوریا بکشێنێتەوە، بەڵام ڕووبەڕووی فشار بووەوە لە ناوخۆ و لە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکاشەوە. لە نامەیەکی 17 ی مانگی دوانزەدا بۆ ترامپ، بەرپرسی باڵای کورد لە سوریا ئیلهام ئەحمەد دەڵێت تورکیا ئامادەکاری دەکات بۆ داگیرکردنی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا پێش ئەوەی ترامپ دەستبەکاربێت. دەڵێت " پلانەکەی تورکیا مەترسی دروست دەکات لەسەر دەستکەوتە چەندین ساڵەییەکە لە پاراستنی سەقامگیری و شەڕی دژ بە تیرۆردا. باوەڕمان وایە کە تۆ دەسەڵاتت هەیە ڕێگری لەم کارەساتە بکەیت." سەرچاوە/ ڕۆیتەرز