د. ڤیان: پێش جەژن كابینەی نوێ تەواو دەكرێت.. كاندیدی پارتی فوئاد حوسێنە

دوا نوێکردنەوە: 2020-05-12 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، بڕیارە پێش جەژن ئەو وەزارەتانەی ماون، كە حەوت وەزارەتن، سەرۆكوەزیران كاندیدی سەرجەمیان پێشكەش بكات و پەرلەمانیش دەنگی لەسەر بدات، كە وەزارەتی دەرەوە بەر پارتی دەكەوێت و كاندیدەكەشی د. فوئاد حوسێنە.

د. ڤیان سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "بڕیارە پێش جەژنی رەمەزان و لە ماوەیەكی نزیكدا سەرۆكوەزیرانی تازە، مستەفا كازمی، ناوی كاندیدی ئەو حەوت وەزارەتانەی ماون، رەوانەی پەرلەمان بكات بۆ ئەوەی دەنگیان لەسەر بدرێت و پەسەند بكرێن و كابینەی نوێ تەواو بكرێت".

سەبری گوتیشی: "لەو حەوت وەزارەتانە، وەزارەتی دەرەوە بەر پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەوێت و كاندیدەكەشی یەكلا بووەتەوە، كە ئەویش د. فوئاد حوسێنە".

ناوبراو باسی لەوەش كرد، لە ماوەی ڕابردوودا دەنگ لەسەر 15 وەزارەت درا و حەوت وەزارەتیش مابوون، كە ئەوانیش بڕیارە كاندیدەكانیان یەكلا بكرێنەوە و لە پەرلەمانی عێراق دەنگیان لەسەر بدرێت.

 

بڵند ئیبراهیم