هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، بڕیارە دوای دەستبەكاربوونی حكوومەتی تازەی عێراق، شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا بكات و گفتوگۆ لەبارەی كۆمەڵێك پرسەوە بكەن، لەوانە ناوچە كوردستانییەكان و دروستكردنی هەماهەنگی لە شەڕی داعش.
لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پاتری دیموكراتی كوردستان گوتی: "هۆكاری تێكچوونی دۆخی ئەمنیی ناوچە كوردستانییەكان، تیرۆریستان و عەرەبی هاوردە و دەستی ناحەزانە، كە ئەمانە بوونەتە هۆكاری ئەوەی دۆخی ئەو ناوچانە تێك بچێت و داعش جارێكی دیكە سەرهەڵبداتەوە".
بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی: "هەموو مەلەفەكان لەگەڵ بەغدا راگیراون تا دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، كە ئەوكات شاندی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كۆمەڵێك پرس سەردانی بەغدا دەكات، چونكە بەرپرسانی عێراق گۆڕدراون".
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "بەرنامە دانراوە بۆ سەردانەكە، كە بۆ گفتوگۆكردنە لەگەڵ بەغدا و حكوومەتی تازە لەبارەی ناوچە كوردستانییەكان و هەماهەنگی لە شەڕی داعش و زیانگەیاندن بە جووتیارانی ناوچە كوردستانییەكان و هەروەها زیانگەیاندن بە خەڵك و ڕووتكردنەوەیان، چونكە خەڵك لە دوو لاوە دەبنە قوربانی و كەوتوونەتە نێوان دوو بەرداشەوە".
بڵند ئیبراهیم