ئاسایشی كه‌ركووك: جێگیركردنی خێزانی داعش له‌ كه‌ركووك مه‌ترسییه‌

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-24 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- به‌رپرسانی ئه‌منیی کەرکووک ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، جێگیركردنی خێزانه‌كانی چه‌كدارانی داعش له‌ كه‌مپه‌كانی کەرکووک مه‌ترسیی بۆ ئێستا و ئاینده‌ی شاره‌كه‌ هه‌یه‌، چونکە داعش به‌رده‌وام له‌ ناوخۆی شار و ده‌وروبه‌ری شار له‌ خۆڕێكخستنه‌وه‌دایه‌.عه‌مید ئیدریس ڕه‌فعه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی کەرکووک، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "تیرۆرستانی داعش له‌ قه‌زا و ناحیه‌كانی کەرکووک جووڵه‌ی چه‌كدارییان فراوان بووه،‌ چالاكیی تیرۆرستی ده‌كه‌ن، له‌ ناوخۆی کەرکووکیش شانه‌ی نوستوویان هه‌یه‌، به‌رده‌وامیش خه‌ریكی ڕێكخستنه‌وه‌ی خۆیانن، به‌تایبه‌تی له‌ ناوه‌ڕاست و خوارووی کەرکووک".

له‌لایه‌ن ئیداره‌ی سه‌پێندراوی کەرکووکەوە هه‌زاران خێزانی چه‌كدارانی داعش له‌ كه‌مپه‌كان جێگیر كراون، به‌رپرسانی ئه‌منیی شاره‌كه‌ش به‌ مه‌ترسیی جددیی ئێستا و ئاینده‌ی شاره‌كەی ‌ده‌زانن. ڕه‌فعه‌ت ده‌ڵێ: "هێنان و جێگیركردنی خێزانی داعش له‌ كه‌مپه‌كان خه‌ته‌ریاتی جددییان بۆ ئێستا و ئاینده‌ی شاری کەرکووک هه‌یه‌، له ‌كه‌مپه‌كانی لای پارێزگای مووسڵ هێندراونه‌ته‌ کەرکووک، له‌ كه‌مپه‌كانی له‌یلانی یه‌ك و له‌یلانی دوو، كه‌مپی خاڵه‌ بازیانی و كه‌مپی یارنجه‌ جێگر كراون، به‌ئاشكرا ئێستاش پشتیوانی بۆ چه‌كداران و گرووپی تیرۆرستیی داعش ده‌رده‌بڕن، ئێمه‌ به ‌مه‌ترسی بۆ سه‌ر شاره‌كه‌یان ده‌بینین".

به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی کەرکووک ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد: "ئێمه‌ لە ته‌واوی مه‌ترسیی جێگركردنی خێزانه‌كانی داعش مه‌رجه‌عیه‌تی خۆمانمان لێ ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی ده‌ستییان  به‌سه‌ر کەرکووکدا گرتووه‌، هه‌ده‌فیان تێكدانی ئه‌و شاره‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌و خێزانانه‌ی داعش له‌ مووسڵه‌وه‌ گوازراونه‌ته‌وه‌ بۆ کەرکووک".' چه‌كدارانی داعش بوونه‌ته‌ گرووپ گرووپ و به‌رده‌وام له‌ قه‌زا و ناحیه‌كان جه‌وله‌ ده‌كه‌ن و هەر چالاكییەکی خۆیان بیانه‌وێت، دەیکەن." ئیدریس ڕه‌فعه‌ت وای گوت.

عه‌زیز ڕه‌سووڵ