پەیامى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بۆ یادى لەدایکبوونى حەزرەتى مەسیح

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-24 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-  جەژنى لەدایکبوونى حەزرەتى مەسیح و کریسمس، بە گەرمى لە خوشک و برایانى کریستیان لە هەرێمى کوردستان، عێراق و هەموو ئەوانە پیرۆز دەکەم کە لە هەر شوێنێکى جیهان ئەم جەژنە دەگێڕن، جەژن و پشوویەکى خۆش و ئارامیان بۆ دەخوازم و هیوادارم ئەم جەژنە لەگەڵ خۆیدا خێر و خۆشى و ئارامى و ئاشتەوایى بۆ هەمووان بهێنێت.

لەم یادە پیرۆزەدا، دووپاتى دەکەینەوە کە هەرێمى کوردستان وەک هەمیشە لانکەى پێکەوەژیان و لێبوردەیى و تەبایى و ئاشتەوایى بۆ هەموو پێکهاتەکانى دەمێنێتەوە و لەپێناو ئاشتى و ئارامى و سەقامگیریى ناوچەکەشدا لە هەوڵى بەردەوامدا دەبێت.

کریستیانان لە هەرێمى کوردستان خاوەن و پێکهاتەیەکى ڕەسەنى وڵاتن کە هەمیشە پێکەوە لەگەڵ پێکهاتەکانى دیکەدا بە لێبوردەیى و تەبایى و ئاشتەوایى ژیاون و ڕۆڵیان لە پاراستن و بنیاتنان و پێشخستنى هەرێمى کوردستاندا هەیە. جەژن و یاد و بۆنەکانى ئەوان هى هەموو پێکهاتەکانى کوردستانە و جەژن لە هەمووان پیرۆز بێت.

نێچیرڤان بارزانى

سەرۆکى هەرێمى کوردستان

24/12/2019