بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەكانی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵی 25ی مانگی 12ی 2024، خەرجیاتی كۆتایی ساڵە و سەرجەم خەرجیەكان دادەخرێن، ئەمە لەكاتێكدایە موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چاوەڕێی موچەی مانگەكانی 11 و 12 ی ساڵی 2024ن و ڕوونیش نیە، هەتا ئەو بەروارە تێبینیەكان سەبارەت بە لیستەكانی موچەی موچە خۆرانی هەرێم چارەسەر دەكرێن یان نا. غەریب ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدولنێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند " عێراق 613 ملیار دیناری بۆ مانگی 11 ناردووە، ئەگەر وەزارەتی دارایی ئەو 430 ملیار دینار كە (مناقلە) یە لە خشتەكانی بودجە بۆ سەر موچەی هەرێم بگوازێتەوە و لەگەڵ ناردنی 670 ملیاردینار بۆ مانگی 12 ئەوا ئەوكات موچەی هەردوو مانگەكە دەدرێت، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە تازە لیستی موچەی مانگی 12 لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بۆ بەغدا نێراوە." ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی،" كێشەكانی موچە و داواكاریەكانی بەغدا بەم جۆرەن، بۆ موچە خۆران كە پێویستە، بایۆمیتری و (UPN)واتا ژمارەی كەسی بێ هاوتا و لەگەڵ ژمارەی وەزیفی و كارتی نیشتیمانی وبەرواری دامەزراندن، دەبێ لە لیستەكاندا هەبێت كە لە پرۆسەی تەرازووی پێداچوونەوە (میزان مراجعە) بە وەفدەكانی حكومەتی هەرێم دراوە، ئەو زانیاریانە لەگەڵ لیستەكانی موچە نەبێت، ئەوا موچەی ساڵی 2025یش هەر بەم شپرزەییە دێت." لەدواین كۆبوونەوەی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ و هەرێم داوای تەرازووی پێداچوونەوە بۆ مانگەكانی 1 بۆ 11 ی ساڵی 2024 لە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا كراوە، سێ تەكنیكاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ پرۆسەكە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و ئەمڕۆ یەك شەمە22ی 12 ی 2024 كۆتایی بە كارەكانیان هاتووە. تەرازووی پێداچوونەوە، ڕاپۆرتێكی ژمێریاری شیكاریە بۆ كۆی ئەو داهاتانەی كە هاتوونەسەر هەژمارێكی گشتی (وەرگر) و ئەو پارانەش كە بەخشیوونی، كە دەبێت هاوسەنگ و یەكسانبن. سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، " 10مانگ بەر لە ئێستا، تەیف سامی داوای چاکردنی هەڵەکانی میزان مراجەعەی کردووە لە داهات و خەرجی هەرێم، تاکو ئێستە چاکیان نەکردووە چونکە هەموو مانگێک ویستویانە داهات و خەرجی حەقیقی بشارنەوە،" ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی،" خاڵی دووەمی بڕیاری دادگای فیدراڵی ناردنی میزان مراجەعەی مانگانەی هەرێمە بۆ بەغدا بەڵام بەداخەوە ئەوە حاڵی میزان مراجعەی هەرێمە. بە پێی دوو نوسراو لە 19 و 29ی مانگی 2ی ساڵی 2024 وەزارەتی دارایی عێراق هەرێمی کوردستانی لەهەڵەو کەموکوڕیەکانی میزان مراجعەی هەرێم ئاگادارکردۆتەوە تاکو چاکی بکەن بەڵام چاکیان نەکردووە، چەند ڕۆژێکە تیمێک لەبەغداوە هاتووە بۆ ئەو مەبەستە."