تورکیا دەڵێت باوەڕی وایە هێزە کوردییەکان لە سەر خاکی سوریا دەردەکرێن

دوایین نوێکردنەوە 2024-12-22 19:05:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

وەزیری بەرگری تورکیا یاسار گولەر ڕۆژی یەکشەممە وتی تورکیا باوەڕی وایە فەرمانڕەوا نوێیەکانی سوریا بە سوپای نیشتیمانی سوریاشەوە کە تورکیا پشتیوانی لێدەکات، هێزە کوردییەکان لە سەرانسەری باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەردەکەن. تورکیا یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد ' یەپەگە ' بە لقێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان سەیر دەکات کە دەیان ساڵە لە ململانێیە لەگەڵیدا. یەپەگە سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەکات کە هاوپەیمانی ئەمەریکان لە باکووری سوریادا. هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کە یەپەگە سەرکردایەتییان دەکەن ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە شکستهێنان بە ڕێکخراوی داعشدا لە 2014-2017 بە پشتیوانی ئاسمانی ئەمەریکا، هێشتا پاسەوانی ئەو زیندانانە دەکەن کە هەزاران چەکداری داعشییان تێدا زیندانی کراوە. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن هۆشداریداوە لەسەر ئەوەی کە ڕەنگە داعش هەوڵی دووبارە دروستکردنەوەی تواناکانی بدات لەم ماوەیەدا. دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد توندوتیژییەکان پەرەیان سەندووەتەوە، تورکیا و گروپە چەکدارییەکانی کە پشتیوانییان لێدەکات لە 9 ی مانگی دوانزەدا شاری مەنبجییان کۆنتڕۆڵ کرد کە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیکدا بوو. گولەر وتی " باوەڕمان وایە سەرکردایەتییە نوێیەکەی سوریا و سوپای نیشتیمانی سوریا کە بەشێکی گرنگە لە سوپاکەی، لەگەل گەلی سوریادا، سەرجەم ئەو ناوچانە ئازاد دەکەن کە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان داگیرییان کردوون." ئەمەریکا لە شەڕی دژ بە داعشدا پشتیوانی لە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کردووە، ئەنکەرە داوای لە واشنتن کردووە یارمەتییەکانی بۆ ئەو هێزانە ڕابگرێت. ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو دانی بەوەدانا کە 2000 سەربازی لە سوریادا هەیە، ئەوەش دوو هێندەی ئەو ژمارەیەیە کە پێشتر ئاماژەی پێدابوو. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز