ئوستریا دەڵێت پێداچوونەوە دەکات بە ڕەوشی پەنابەرانی سوریاییدا

دوایین نوێکردنەوە 2024-12-22 21:40:24 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڕاوێژکاری ئوستریا کارڵ نیهامەر وتی ئوستریا پێداچوونەوە بە ڕەوشی پەنابەرانی سوریاییدا دەکاتەوە کە کەمتر لە پێنج ساڵ لەمەوبەر گەیشتوونەتە وڵاتەکە، ئەوەش دوای ئەوەی لە میدیاکاندا باس لەوە کرا هەندێک لە پەنابەرانی سوریایی بە نامەیەک ئاگادار کراونەتەوە کە " چیتر پێویست ناکات لە لێپێچینەوەی سیاسیی " بترسن. نیهامەر کە پارێزگارە و هەوڵ دەدات حکومەتێکی نوێی هاوپەیمانی دروست بکات و لە هەمان کاتدا ڕەخنەی توندی لێدەگیرێت لەلایەن ڕاستڕەوە توندەکانەوە، لە هەمان ڕۆژی ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەددا لە 8 ی مانگی دوانزەدا وتی دۆخی ئاسایشی سوریا دەبێت پێداچوونەوەی بۆ بکرێت تاوەکو پەنابەران ڕەوانە بکرێنەوە بۆ ئەوێ. لەو کاتەوە نیهامەر و حکومەتە کاربەڕێکەری ئەوەیان ڕوون کردووەتەوە کە سەنگی سەرەتاییان لەسەر ڕەوانەکردنەوەی خۆبەخشانە دەبێت، ئەوانەی کە پێشنیار دەکەن خۆبەخشانە بگەڕێنەوە بۆ سوریا 1000 یۆرۆیان پێدەدرێت. ئوستریا لە نێو ئەو چەند وڵاتە ئەوروپاییەدایە کە داواکانی پەنابەرانی سوریاییان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی ڕاگرتووە. نیهامەر وتی " ئێستا ئوستریا پێداچوونەوە بە شیاوێتی پاراستنی ئەو سوریاییانە دەکات کە کەمتر لە 5 ساڵە لەو وڵاتەدا ماونەتەوە." یاسای ئوستریا ڕێگە بە دەسەڵاتداران دەدات لە هەندێک حاڵەتدا لە ماوەی پێنج ساڵ دوای پێدانی مافی پەنابەرێتی ئەو مافە هەڵبوەشێننەوە. سورییەکان گەورەترین گروپی پەنابەرانن لە ئوستریادا. پارتەکەی نیهامەر، پارتی گەلان، بە هەڵوێستە توندەکانی لەسەر کۆچ ناسراوە، تا ئەو ڕادەیەی پارتی ئازادی ڕاستڕەو تۆمەتباری دەکات بە تۆمەتی دزینی بیروڕاکانی. دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی " ئاشکرایە کە زۆر زووە " بۆ دەستپێشخەریکردن بۆ ئەو پڕۆسەیە. سەرۆکی دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئوستریا کریستۆف پینتەر وتی " تەنها لە کاتێکدا ئەوە دەبێت بکرێت کە دۆخەکە لە وڵاتە ڕاستەقینەکەی پەنابەراندا بە تەواوەتی گۆڕابێت و پارێزراو بێت." وتیشی " بە دڵنیاییەوە ئێستا ئەو کاتە نیە." سەرچاوە/ ڕۆیتەرز