ئەگەر مرۆڤ لە داهاتوودا بتوانێت بە سەر مەترسییەکانی وەکو گۆڕانکاری کەشوهەوا و شەڕی ناوەکی و پەتای کوشندە و تەنە ئاسمانییەکاندا زاڵببێت، ئەوا ڕەنگە دوای نزیکەی 250 ملیۆن ساڵی تر ژیانکردن لەسەر زەوی ڕووبەڕووی لەناوچوون ببێتەوە بەهۆی گۆڕانکاری لە وزەی خۆر و پێکهاتەی کیشوەرەکان، ئەمە بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی بریستۆڵ لە وڵاتی بەریتانیا. بە پشتبەستن بە تەمەنی بەردەکانی سەر ڕووی زەوی و مانگ و ئەو نەیزەکانەی لە کۆمەڵەی خۆرەوە کەوتونەتە سەر زەوی، زانست ئێستا دەزانێت کە تەمەنی هەسارەی زەوی نزیکەی 4 ملیار و 540 ملیۆن ساڵە. زانایان دەڵێن دوای نزیکەی ملیارێک ساڵی تر زەوی گونجاو نامێنێت بۆ ژیان بەهۆی بەرزبوونەوەی بەردەوامی تیشکی خۆر. هەروەها دوای نزیکەی 5 ملیار ساڵ خۆر دەبێت بە ئەستێرەی سوری زەبەلاح و تیشکە سوتێنەرەکەی ڕووی زەوی بەتەواوی دەسوتێنێت. لێکۆڵینەوەیەکی نوێی زانکۆی بریستۆڵ دەڵێت لە ماوەی نزیکەی 250 ملیۆن ساڵی داهاتوودا کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەوروپا و ئەمەریکای باکور و باشور بەهۆی جوڵەی تەکتۆنییەوە دەبن بە یەک کیشوەری زەبەلاح و لە ئەنجامدا ڕووی زەوی دووچاری بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە گڕکان و پلەی گەرمی دەبێتەوە. لێکۆڵینەوەکە دەڵێت لەگەڵ زیادبوونی گڕکانەکان و بەرزبوونەوەی تیشکی خۆر، پلەی گەرمی لە زۆر بەشی زەوی 50 پلەی سێلیزی تێدەپەڕێنێت و بەمەش ژینگەی زەوی لەبارنابێت بۆ مەمکدارەکان، لە نێوانیاندا مرۆڤ. توێژەرەکان لە زانکۆی بریستۆڵ مۆدێلی کەشوهەوای کۆمپیوتەریان بەکارهێناوە تێگەیشتن لە کاریگەری جوڵەی تەکتۆنی لە زەویدا و دەڵێن لە سەردەمی دروستبوونی کیشوەرە زەبەلاحەکەدا کە بە پەنجیا ئەڵتیما ناسراوە، تەنها 8٪ بۆ 16٪ کیشوەرەکە بۆ ژیانی مەمکدارەکان گونجاودەبێت. دکتۆر ئەلیکساندەر فارنسوۆر کە سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکەی کردووە، لەمبارەوە ڕایگەیاند، "ئاسۆی داهاتووی دوور زۆر تاریک دەردەکەوێت. دوانۆکسیدی کاربۆن لەو کاتەدا دوو ئەوەندەی ئێستا دەبێت...پلەی گەرماش لە نێوان 40 بۆ 70 پلەی سیلیسی دەبێت. مرۆڤ و زۆر لە بوونەوەری تر لەناودەچن چونکە ناتوانن ئەو پلە گەرمییە لە ڕێگەی ئارقکردنەوەوە فڕێبدەن و خۆیان فێنک بکەنەوە." لە ماوەی 500 ملیۆن ساڵی ڕابردوودا ژیان لەسەر زەوی ڕووبەڕووی پێنج لەناوچوونی بەکۆمەڵ بووەتەوە کە دوایینیان نزیکەی 66 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر بە هۆی بەردێکی ئاسمانییەوە ڕویدا و بووە هۆی لەناوچوونی بەکۆمەڵی بەشێکی زۆری ڕووەک و گیاندارەکانی وەکو دایناسۆرەکان.