دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کەچی هەتائێستا جگە لە سوێندخواردنی ئەندامان، لایەنەکان نەیانتوانیوە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێرن و هەنگاو بەرەو پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم بنێن، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت،" کۆبوونەوە کراوە و داواکراوە بە زووی لایەنەکان دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن." سامان ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەندامانی پەرلەمان سوێندی یاساییان خواردووە، بۆیە بەکراوەی هێشتنەوەی دانیشتنەکە تا دەستەی سەرۆکایەتی پێکدەهێنرێت نایاسای نیە و چاوەڕوانی لایەنەکانین بۆ ئەوەی ڕێک بکەون بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی." وتیشی،" لە هەفتەی پێشوو سەرۆکایەتی دیوانی پەرلەمان لەگەڵ بەتەمەنترین پەرلەمانتار کە سەرۆکی پەرلەمانە بەکاتی لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنەکان کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕێکەوتنی فراکسیۆنەکان کرا تا پەلە بکرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرێت." بە بڕیاری ژمارە 55 دادگای باڵای فیدراڵی دەسەڵاتی ئەوەی هەیە و دەتوانێت دانیشتنی بە کراوەی پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە و پەرلەمان ناچاربکات لەماوەی 24 کاتژمێردا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت. بە گوێرەی زانیارەکانی دەنگی ئەمەریکا، هیچ سکاڵایەک لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر بەکراوەی هێشتنەوەی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارنەکراوە. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت هەواڵەکەی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند،" پێدەچێت ڕێکەوتنی سیاسی هەبێت لەو بارەیەوە تا دادگای فیدراڵی نەتوانێت دەستێوەردان لە بارەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بکات." ڕۆژی 2ی مانگی دوانزەی 2024، بەپێی یاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ماددەی 47 دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان بەڕێوەدەچوو و محەمەد سلێمان پەرلەمانتاری نەوەی نوێ بەو پێیەی بەتەمەنترین بوو، سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی کرد و 97 پەرلەمانتاری ئامادەبوو سوێندی یاساییان خوارد. دواتربەپێی ماددەی 48 دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرایەوە کە بریتی بوو لە سەرۆک و جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان و بۆ ئەو مەبەستەش 16 پەرلەمانتاری لایەنەکان خۆیان بەربرژێرکرد و یەکێتی و پارتی بۆ هەریەکێکیان دوو کاندیدیان هەبوو، بەڵام ڕێکنەکەوتن و تەواو نەکردنی نیسابی یاسایی پەنجا زاید یەک وایکرد دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێ و دانیشتنەکە بەکراوەی بهێڵرێتەوە. هەرچەندە لە ڕۆژی 10ی مانگی دوانزەی 2024، سەرۆکی کاتی پەرلەمان بانگێشتنی پەرلەمانتارانی کرد بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی کەچی دانیشتنەکە نەکرا، چونکە جگە لە پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، پەرلەمانتارانی لایەنەکانی دیکە و کۆتاکان ئامادەنەبوون، بۆیە جارێکی تر دانیشتنەکە بە کراوەی هێڵرایەوە. دوای ئەوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان داوای لە براوەکان هەڵبژاردن کرد بۆ گفتوگۆ و دانوستان بۆ پێکهینانی پەرلەمان و حکومەتی نوێ، هەریەک لە یەکێتی بەجیا و پارتی بەجیا سەردانی لایەنەکانیان کرد و پلان و بەرنامەی خۆیان بۆ کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم خستەڕوو، هەردوو حزبی باڵا دەست تا ئێستا دووجار لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەتەوە و بەپێی زانیاریەکان لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆدەبنەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە دواین نابێت. ڕۆژی 17ی مانگی دوانزەی 2024، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ جاری دووەم لە پیرمام کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەکەش ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە وئاماژەیان بۆئەوەکرد کە لە کۆبوونەوەکەیاندا بارودۆخی ناوچەکە و ئەو گۆڕانکاریانەی کە هاتوونەتە ئاراوە و کاریگەرییان لەسەر عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان هەیە خرانە بەرباس. لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکە ئەوەش هاتبوو، هەردوولا کۆکبوونە لەسەر تەبایی و هاوهەڵوێستی لە پارێزگاریکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا و بڕیاریاندا بەزووترین کات ئامادەکاری بکرێت و بەرنامەیەکی هاوبەش دابنرێت لەسەر ئەو بنەمایەی کە حوکمڕانیەکی کوردستانیان بۆ قۆناغی ئایندە لەسەری بەڕێوەدەچن، بەشێوەیەک بێت کە پارێزگاری لە پێگە و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و ماف و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیان و سەرجەم پێکهاتەکان بکات و بڕیاریش درا لیژنەیەکی هاوبەش کار لەسەر ئامادەکاریکردنی ڕەشنووسی ئەو بەرنامەیە بکات بۆ کۆبوونەوەی ئایندە، بەڵام تا ئێستا ڕوون نیە کەی کۆدەبنەوە و گرێ کوێرەی نێوانیان دەکەنەوە بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بەوتەبێژی هەریەک لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کرد، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە وەڵامی پەیوەندیەکەیان نەدایەوە، لەوەی بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی نێوانیان کۆتایی بەهەموو ناکۆکیەکانی نێوانیان دێت و گرێی کوێرەی نێوانیان بکرێتەوە و حکومەت بە زووی پێکبهێنرێت. هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە 20ی مانگی دەی 2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو و دواتر یەکێتی نیشتمانی کوردستان 23 کورسی و نەوەی نوێ 15 کورسی و 5 کورسی بۆ کۆتاکان و کورسیەکانی دیکەش بەسەر لایەنە سیاسیەکانی دیکە دابەشبوو.