وەزیری دەرەوەی ڕووسیا خۆسەری کورد لە سوریا بە جوداخواز ناودەبات

دوایین نوێکردنەوە 2024-12-26 22:00:18 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند "دەبێت بەرژەوەندییە ئەمنییە ڕەواکانی تورکیا" سەبارەت بە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا مسۆگەر بکرێن و دەڵێت سامان و پارەی ناوچەکە لە پشتگیری "پێکهاتە جوداخوازەکان" خەرجدەکرێت. سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ڕۆژی 26 ی دوازدەی 2024 لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییدا لە مۆسکۆ ڕایگەیاند، "ئێمە لە نیگەرانییە ڕەواکانی سەرکردایەتی تورکیا و گەلی تورکیا لەمەڕ ئاسایشی سنوورەکان لەگەڵ سوریا تێدەگەین، کە چەندین ڕووداوی پەیوەست بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانیان تێدا بووە." وتیشی، "پێویستە ئەم بەرژەوەندییە ئەمنییە ڕەوایانە مسۆگەر بکرێن، بەڵام دەبێت بە شێوەیەک بێت سوریا سەروەری و یەکپارچەیی خاک و یەکگرتوویی خۆی بپارێزێت. وە سەرکردایەتی تورکیا لە بەرژەوەندی ئەمە قسە دەکات و ئێمەش پشتیوانی لێ دەکەین." لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە کاتێکدایە دوێنێ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند، هێزەکانی هەسەدە دەبێت چەکەکانیان دانێن "یان بە چەکەکانیانەوە لە خاکی سوریا دەنێژرێن."   هەسەدە لە بەرامبەردا ڕایگەیاندووە هێزەکانی ئامادەکاری دەکەن بۆ ئۆپەراسیۆنی تایبەت و هەتا سەری ساڵ مۆڵەت بە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا دەدەن ناوچەکانی سەرێ کانی و گرێ سپی بەجێبهێڵن. وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکی ئەمڕۆدا ڕایگەیاند دەبێت مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی پەیوەست بە ڕۆژهەڵاتی سوریا بکرێت، کە بە وتەی خۆی "بە نایاسایی داگیرکراوە لە لایەن ئەمەریکا."  لاڤرۆڤ ڕایگەیاند، ئەو بەشەی سوریا یەکێکە لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی وڵاتەکە بە هۆی بیرە نەوتەکانی و بەپیتی خاکی. بانگەشەی ئەوەی کرد، "هەموو ئەم سامانە دەردەهێنرێت و هەناردە دەکرێت و پارە بۆ پاڵپشتیکردنی پێکهاتە جوداخوازەکان خەرج دەکرێت کە ئەمەریکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی دەوڵەتی سوریا دروستیان کردووە. هەموو ئەمانە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن." لاڤرۆڤ ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ کارکردن لەگەڵ ڕژێمی نوێی سوریا لە دوای بەشار ئەسەد دەربڕی و ڕایگەیاند لەمبارەوە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە لە پەیوەندیدان. وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەختی لە کراوەیی حکومەتەکەی کردەوە بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ "هەموو هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییە چالاکەکان لە سووریا" و ڕایگەیاند دەستەڵاتداری نوێی سوریا، ئەحمەد شەرع، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا بە "درێژخایەن و ستراتیژی" ناوبردووە.