لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە سوریا کاردەکەن بۆ دامەزراندنی شاندێکی هاوبەش بۆ نوێنەرایەتیکردنی داواکارییەکانی کورد لەگەڵ سەرکردە نوێیەکانی دیمەشق، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد. لە ساڵی 2012ەوە ناوچە کوردییەکان لە ژێر کۆنترۆڵی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و باڵە سیاسیەکەی، پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)دایە. ئێستا یەپەگە بەشێکی سەرەکی هێزەکانی سوریای دیموکراتیکە. ئەم گرووپە بەشێوەیەکی دیفاکتۆ ناوچەکە لە ژێر خۆسەری دیموکراتیک لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەدەبات. ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە)ش لە هاوپەیمانییەکی پارتە کوردییەکان کە لە تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە نزیکن، پێکهاتووە. لەم هەفتەیەدا، کۆبوونەوەیەکی ئەنەکەسە و هەسەدە لە شاری حەسەکە ئەنجام درا و تیایدا کاربەدەستانی هاوپەیمانی دژی داعشیش بە سەرکردایەتی ئەمەریکا ئامادە بوون. هەردوولا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند "کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردن بوو لەسەر دامەزراندنی پێگەیەکی یەکگرتووی کورد لە چوارچێوەی سوریای نوێدا. لایەنەکان لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی خێرای کۆبوونەوەکان کۆک بوون، بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسە مشتومڕلەسەرەکان." سولەیمان ئۆسۆ، سەرۆکی ENKS کە بەشداری کۆبوونەوەکەی حەسەکە بوو، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، گفتوگۆی نێوان هەردوولا ڕوون بوو. ئۆسۆ گوتیشی "لە ماوەی چوار ساڵدا ئەمە یەکەمجارە لەگەڵ فەرماندەی هەسەدە کۆبوونەوەیەکمان هەبێت. ئێمە لە داواکارییەکانماندا ڕوون بووین. ئێمە گوتمان، پێش هەموو شتێک پێویستە دەستگیرکردنی ئەندامەکانمان و سووتاندنی فەرمانگەکانمان ڕابگیرێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ساڵانی ڕابردوودا متمانەی نێوان هەردوولا بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچووە. ئۆسۆ گوتیشی "ناتوانین بە شاندێکی یەکگرتوو بچینە دیمەشق ئەگەر ئەم کێشانە چارەسەر نەکرێن." گوتیشی ئەمەریکا، فەرەنسا و بەریتانیا هەوڵدەدەن هەردوو لایەنی کوردی لە ڕێککەوتن نزیک بکەنەوە. تا ئێستا ئەم سێ وڵاتە هیچ لێدوانێکیان لەبارەی ڕۆڵی خۆیان لە دیالۆگی کورد و کورددا نەداوە. بەڵام پێش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدیش بەرپرسانی ئەمریکایی، فەرەنسایی و بەریتانیایی پێویستە مافەکانی کورد و کەمینە ئاینی و نەتەوەییەکان لە سوریادا بپارێزرێت. ساڵح موسلیم، بەرپرسێکی باڵای پەیەدە جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە کورد بە شاندێکی یەکگرتوو و هاوبەش لەگەڵ گرووپە ناوچەییەکانی دیکەی وەک عەرەب و کرستیانەکان بچێتە دیمەشق. موسلیم بە دەنگی ئەمەریکای گوت "کۆبوونەوەکانی ئێستا هێشتا لە قۆناغی ڕاوێژکاریدان. هیچ بڕیارێکی کۆنکرێتی نەدراوە، بەڵام ئەنەکەسە لای خۆیەوە هەندێک کەسایەتی ناردووە بۆ شام بۆ وتووێژکردن." ئەنەکەسەش دەڵێت ئەو کەسانە نە لەژێر ناوی ئەوانە چوونەتە پایتەختی سوریا و نە لەگەڵ کاربەدەستانی نوێشدا کۆبونەتەوە. ئۆسۆ، بەرپرسی بەرپرسی ئەنەکەسە گوتیشی ، هیچ بەدیلێک بۆ نوێنەرایەتییەکی یەکگرتووی کورد لە دیمەشق نییە. چاودێران هۆشداری دەدەن لەوەی کە پێشکەوتنی خاوی وتووێژەکانی نێوان هەردوو لایەنی کوردی ڕەنگە زیان بە دامەزراندنی ئامادەیی بەهێزی کورد لە دیمەشق بگەیەنێت. زارا ساڵح شرۆڤەکاری سیاسی کورد لە لەندەن بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئەمە ساتێکی مێژووییە بۆ سوریا، ئەگەر کورد نوێنەرایەتییەکی بەهێز و یەکگرتووی لە دیمەشق نەبێت، ئەوا داواکارییەکانی کورد لەلایەن دەسەڵاتی ئیسلامییەوە پشتگوێ دەخرێن." لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، مورشید خەزناوی، زانای ئایینی بەناوبانگ، کوڕی شێخ مەسعووق خەزناوی، کە لە ساڵی 2005 بە دەستی هێزە ئاسایشییەکانی ڕژێمی سوریا کوژرا، هەڵمەتێکی بۆ لێک نزیککردنەوەی لایەنە سیاسییە کوردییەکان دەستپێکردووە." هەیئەت تەحریر ئەلشام (HTS) کە ڕێکخراوێکی ئیسلامییە و لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، گرووپێکی سەرەکی حکومەتی نوێی دیمەشقە. بەرپرسانی HTS لە نێویاندا ئەبو محمد جۆلانی سەرۆکی HTS کە ئێستا بە ئەحمەد ئەلشەرع ناسراوە، لەم دواییانەدا ڕایانگەیاند کە مافی کورد لە سوریای نوێدا پارێزراو دەبێت. بەڵام لە چاوپێکەوتنێکدا کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ کەناڵی حەدەسی سعودیە، مورحەف ئەبو قەسرە کە لەلایەن HTS وەک وەزیری بەرگری لە حکومەتی کاتی دەستنیشانکراوە، ڕایگەیاند ئەوان فیدراڵی بۆ ناوچە کوردنشینەکان قبوڵ ناکەن. فیدراڵیزمی بە ئامرازێک بۆ دابەشکردنی سوریا وەسف کرد. کۆمەڵی HTS لەلایەن ئەمەریکاوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە، سەرەڕای کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان دیپلۆماتکارانی ئەمەریکایی و سەرکردەکانی HTS. سەرەڕای هەموو ناکۆکیەکانیان، لایەنە کوردییەکان لە سوریا داوای فیدراڵیزم دەکەن وەک چارەسەرێک بۆ داواکارییە سیاسییەکانیان و هەروەها بۆ کێشەکانی سوریا بە گشتی. بەڵام توێژەر زارا ساڵح دەڵێت، نە هەسەدە و نە پەیەدە و نە ئەنەکەسەش نەیانتوانی بە ڕوونی ئەم داواکارییە پیشان بدەن. دەشڵێت " گوتاری سیاسی ئەوان دوای لەناوچوونی ڕژێمی سوریا بەسەرچووە. بۆیە پێویستییەکی بەپەلە هەیە کە شارەزایانی کورد و سەرکردەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییە کاریگەرەکان بەشداری ئەم شاندەیە بکەن کە بەرەو دیمەشق دەڕوات. پێویستە ئەمەریکا و لایەنەکانی دیکە پشتگیری لەم کارە بکەن."