٤٦ ساڵ لەومەبەر لەیلا قاسم و هاوڕێکانی لە سێدارە دران

دوا نوێکردنەوە: 2020-05-12 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- لە بەرەبەیانییەکی زوو لەیلا قاسم و چوار شۆڕشگیڕی کورد لە ١٢ی ٥ی ١٩٧٤ لە سێدارە دران.

لەیلا قاسم، کچە تێکۆشەر و ئازا و چاونەترسی کورد لە ٢٧ی ١٢ی ١٩٥٢ لە گوندی بانمێلای خانەقین لە خێزانێکی مرۆڤدۆست و نیشتمانپەرەوەر و خاکپیرۆز لەدایک بووە.

ژیان و خوێندنی لەیلا قاسم

باوکی کرێکاری پاڵاوگەی نەوتی ئەڵوەند بووە ساڵی ١٩٥٨ خراوەتە بەر خوێندن و قۆناغی سەرەتایی و ناوندی و ئامادەییی لە شاری خانەقین تەواو کردووە و ساڵی ۱۹۷۱ لە زانکۆی بەغدا بەشی کۆڵناسیی کۆلیجی ئاداب وەرگیراوە و هەر لەوساڵەدا ماڵیان گواستووەتەوە بۆ بەغدا.

ژیانی سیاسی

شەهید لەیلا سیمبولی کورد لە ڕێگەی برای گەورەکەی، سەلام قاسم پەیوەندی دەکات بە ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەبێیتە ئەندامی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان. لەیلای قارەمان و بوێر لەنێو قوتابیە کوردەکانی ئەو سەردەمەدا ڕۆڵی بەرچاو و کاریگەری هەبووە و لەوسەردەمەدا وا نیشان دەدرا ئافرەتانی کورد ناتوانن خەباتی سیاسی و نیشتمانپەروەری بکەن، بەڵام شەهید لەیلا ئەو ڕێچکەیەی شکاند و هەر لە منداڵییەوە زوڵم و زۆری و ستەمی ڕژێمی ئەوکاتەی عێراق لەسەر گەلی کورد، بیری ئازادیخوازی و خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوەکەی لە دڵیدا دروست دەکات و لەڕێی جواد هەمەوەند، هاوڕێی زانکۆییەوە بۆ ماوەیەکی کورت چووەتە شاخ و بووەتە پێشمەرگەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، پاشان گەڕاوەتەوە بەغدا و درێژەی بە خوێندن داوە. لە زانکۆ شەهید لەیلا لەگەڵ شەهید جواد دەست دەکەن بە خەبات و کار و چالاکی بۆ ڕێکخستنەکانی ناوشاری بەغدا و دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە نێوان شۆڕشی کورد و حکوومەتی ئەوکاتەی عێراق و ئاشکرابوونی شانە نهێنیەکانی ڕێکخستن، ژیانی قوتابییە کوردەکانی زانکۆ دەکەوێتە مەترسی و دەکەونە بەر شاڵاوی دەستگیرکردن و ڕێژەیەکی بەرچاوی قوتابییە کوردەکان زانکۆ بەجێ دێڵن و دەچنە شاخ و دەبنە پێشمەرگەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، بەڵام شەهید لەیلا پێی وابوو زانکۆ بەجێ نەهێڵێت و بەردەوام بێت لە کار و چالاکییەکانی ڕێکخستن و، جەلادەکانی بەغدا هەڵدەکوتنە سەر ماڵی لەیلا و لەگەڵ چوار هەڤاڵی قوتابی ڕاپێچی زیندانی دەکەن کە ئەوانیش (جواد هەمەوەندی، حەسەن حەمە ڕەشید، ئازاد سلێمان میران، نەریمان فواد مەستی) بوون.

ڕۆژنامەی (الثورە)ی زمانحاڵی ڕێژیمی بەعسی دەسەڵاتدار و ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی نێوخۆییی عێراق، لەیلا قاسم و هاوڕێکانیان وەک تێکدەر و گێڕەشێوێن و تیرۆریست ناوبرد، بەڵام لەگەڵ هەموو ئازار و ئەشکەنجەیەکیشیان بچووکترین کردەوەشیان لەسەر ئاشکرا نەبوو.

لە سێدارەدان

٤٦ ساڵ پێش ئێستا 12ی ٥ی ١٩٧٤ لەیلا و چوار هەڤاڵەکەی حوکمی سێدارەیان بو دەرکرا و، لەیلا زۆر چاونەترسانە بەدەم سروودی نیشتمانیی ئەی ڕەقیبەوە دەچێتە بەردەمی پەتی سێدارە و ڕژێمی گۆڕبەگۆڕی عێراق دوور لە هەموو عورف و عادەتێکی مرۆیی، پەتی سێدارەی کردە ملی لەیلا و ژیانی لێ سەند و لە سێدارە درا، بەرلەسێدارەدانی بە رژێمی ئەو کاتی گوت شەرەفێکی گەورەیە بە جلوبەرگی کوردی و لە پێناو کورد لە سێدارە دەدرێم، بەڵام لەدوای من هەزاران لەیلای تر دێنە گۆڕەپانی خەبات و منیش دەبمە بوکی کوردستان.

کــاروان بــاعەدری