لە پاش کەوتنی فڕۆکەکەی، ئازەربایجان گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ 10 فڕۆکەخانەی ڕووسیا ڕادەگرێت

دوایین نوێکردنەوە 2024-12-27 18:52:29 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ئازەربایجان ڕایگەیاند لە ڕۆژی شەممەوە گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ 10 فڕۆکەخانەی ڕووسیا ڕادەگرێت، ئەمەش پاش ئەو ڕاپۆرتانەی باس لەوە دەکەن ئەو فڕۆکەیەی هێڵی ئاسمانی ئازەربایجان کە ڕۆژی چوارشەممە لە کازاخستان کەوتە خوارەوە، لە لایەن سیستمی بەرگری ئاسمانی ڕووسیاوە کراوەتە ئامانج. هێڵی ئاسمانی ئازەربایجان ڕۆژی هەینی لەسەر پێگەکەی لەسەر ئێکس نووسیویەتی، لە 28 ی مانگی دوازدەی 2024 وە گەشتە ئاسمانییەکان لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بۆ ئەم فڕۆکەخانانەی ڕووسیا ڕادەگیرێن، (Mineralnye Vody و Sochi وVolgograd و Ufa و Samara و Saratov و Nizhny Novgorod و Vladikavkaz). پێشتریش لە 25 ی مانگی دوازدەوە گەشتەکان بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی گرۆزنی و مەخاچ قەڵا Makhachkala ڕاگیران. دەشڵێت ئەم بڕیارە لەسەر ڕاسپاردەی دەستەی فڕۆکەوانی سیڤیلی حکومەتی ئازەربایجانە، دوای ئەوەی ئەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن فڕۆکەی ئیمبرایر 190 ی هێڵی ئاسمانی ئازەربایجان کە لە گەشتی ژمارە J2-8243 بوو لە باکۆوە بەرەو گرۆزنی بەهۆی کاریگەرییەکی ماددی و تەکنیکی دەرەکی تێکشکاوە، بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری دروستبوونی مەترسی بۆ سەر سەلامەتی گەشتەکان، ڕاگرتنی گەشتەکان بەردەوام دەبن هەتا لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن. لە لایەکی دیکەوە، دمیتری یادرۆڤ، سەرۆکی ئاژانسی هێڵی ئاسمانی سیڤیلی ڕووسیا لە ڕێگەی تێلگرامەوە ڕایگەیاند لەو کاتەی فڕۆکە ئازەرییەکە هەوڵی نیشتنەوەی دەدا، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئۆکرانی هێرشی دەکردە سەر شاری گرۆزنی. وتیشی هەستان و نیشتنەوەی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەکە ڕاگیران بەهۆی هێرشەکانەوە، بەڵام نەیوت کەی. ئەم کاربەدەستەی ڕووسیا لە بەشێکی ڕاگەیاندنەکەیدا دەشڵێت لەو کاتەدا دۆخی دەوروبەری فڕۆکەخانەکە ئاڵۆزبوو و تەمێکی چڕ ئاسمانی گرۆزنی گرتبوو و فڕۆکەکە دوو جار هەوڵی نیشتنەوەی دابوو، بەڵام نەیتوانیوە. پاشان داوا لە فڕۆکەوانەکە کراوە لە فڕۆکەخانەی دیکە بنیشێتەوە، سەر ئەنجام بڕیار درا بەرەو فڕۆکەخانەی ئۆکتاوی کازاخستان بڕوات. کرێملین لای خۆیەوە دەڵێت ئامادە نییە لێدوان لە بارەی ئەم ڕووداوەوە بدات هەتا لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن. سەرچاوە/ تویتەری هێڵی ئاسمانی ئازەربایجان و ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس.