کوردەکانی ڕۆژئاوا کە نیشتەجێی وانن ترسیان لە گەڕانەوە بۆ سوریا هەیە

دوایین نوێکردنەوە 2024-12-27 20:00:21 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

بەپێی داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە دوای شەڕی ناوخۆی سوریاوە نزیکەی 3 ملیۆن کۆچبەری سوریایی چوونەتە نێو تورکیاوە. دوای گۆڕینی حکومەت لە شام، پرسیاری سەرەکی ئەوە بوو کە ئایا پەنابەرانی تورکیا دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان یان نا؟ عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە دواین لێدوانی خۆیدا گوتی ئێستا سوریا ئازاد کراوە و لە ماوەی 15 ڕۆژدا 25 هەزار پەنابەری سوریایی لە تورکیاوە دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. بەڵام هەندێک لەو پەنابەرانە هێشتا پێیان وانییە سوریا شوێنێکی پارێزراوبێت بۆیان. بەشێک لەو پەنابەرانەش کوردن کە لە عەفرین و کۆبانی و دیمەشقەوە کۆچیان کردووە بۆ وان و باسیان لە مەترسییەکانی گەڕانەوەیان بۆ دەنگی ئەمەریکا کردووە. هەموو ئەو کەسانەی قسەیان لەگەڵ دەنگی ئەمەریکادا کردووە، داوایان کردووە شوێن و ناوەکانیان ئاشکرا نەکرێت بە هۆی مەترسی ئاسایشی. پەنابەرێک کە خۆی بە ا. ه ناساند باوکی چوار منداڵە و لە ساڵی 2014 و کاتێکدا داعش هێرشی کردە سەر کۆبانێ لەگەڵ خێزانەکەی کۆچ دەکات بۆ وان لە تورکیا. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "هیچ شتێک نییە پێشبینی بکرێت لە سیستەمی نوێدا، بەڵێ بەشار ئەسەد نەماوە، بەڵام کێ جێگەی بەشار دەگرێتەوە؟ چی ڕوودەدات؟ ڕوون نییە، تا چەند ئارام دەبێت؟ تا چەنێک گرفت دروست دەبێت؟ هێشتا ئەمانە نازانین. ڕەوشەکە لە داهاتوودا ڕوونتر دەبێتەوە و ئێمەش بە پێی ئەوە بڕیار دەدەین بگەڕێینەوە یان نا، ئێستا کۆبانێ لە ئاڵوزیدایە و شەڕ هەیە لە ئێستادا ناتوانین بگەڕێینەوە." هاووڵاتییەکی تر (م . د) دایکی پێنج مندالە ئەوان دەڵێت ماڵەکەیان لە شام لەلایەن هێزەکانی ئەسەدەوە سووتێنراوە و بە هاوکاری دراوسێ عەلەوییەکانیان ڕزگاریان بووە. دوای ئەم ڕووداوە کۆچیان کردبوو بۆ زێدی باوباپیرانی خۆیان عەفرین، بەڵام ئەمجارەیان بەهۆی برسێتی لەگەڵ منداڵەکانیان کۆچیان کرد بۆ وان. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای گوت "ئەم حکومەتە نوێیەی سوریا داعشە. ئەم حکومەتەی سوریا چەند ساڵێک لەمەوبەر هاتە ناو کۆبانێ و بە چەقۆ سەری 400-500 کەسی بڕی. ئێستاش دەڵێن ئەمانە هەڵەی جەنگ بوون. بەڵام ئێستاش لە عەفرین دەستیان بەسەر 800 دار گوێز و زەیتونماندا گرتووە. مامم مرد، هەموو ماڵەکەی دەستی بەسەردا گیرا، چەتەکان داوای 2500 دۆلاریان کرد بۆ گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی باوکم،  بەڵام باوکم پێی وتن ئەگەر ئێستا ئەم پارەیە بدەم، پاشان هەندێک چەتەی تریش دێن جارێکی تر دەستی بەسەردا دەگرنەوە. چەتەکانیش گوتیان ئەمجارەیان ماڵەکەت دەتەقێنینەوە." لە ساڵی 2018دا  سوپای تورکیا و سوپای نیشتمانی سوریا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان بۆ سەر عەفرین دەستپێکرد بە بیانوی هەبوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەوێ و تەواوی شارەکەیان کۆنترۆڵکرد. حکومەتی تورکیا هەروەها عەفرینی بە "رزگارکراو لە تیرۆر" وەسف کردووە. بەڵام م.د. دەڵێت دوای ئۆپەراسیۆنی تورکیا زۆربەی کوردەکان ئاوارە بوون و ماڵ و زەویەکانیان لێ داگیرکرا. دەشڵێت "دەبێت عەفرین باشتربێت لە جاران، چونکە ئەو کاتەی ئێمە لەژێر دەسەڵاتی ئەسەددا بووین زمان و کولتوری کوردی قەدەغە کرابوو، تەنانەت نەماندەتوانی لەنێو خۆماندا بە کوردی قسە بکەین، ئێستاش هیچ گۆڕانکارییەک بۆ ئێمەی کورد نییە، ڕاستە سوریا بۆ عەرەبەکان ئازاد بوو بەڵام بۆ کوردەکان ئازاد نەبووە." شایانی باسە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە 8ی 12ی 2024 ئیدارەی دیمەشق کەوتە دەست هەیئەت تەحریر ئەلشام (HTS).بەڵام هێشتا بەشێک لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)دایە. تورکیاش وەک باڵی پەکەکە و ڕێکخراوی "تیرۆریستی" تەماشای هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەکات و دەیەوێت کۆبانێ و تەواوی ناوچەکە کۆنتۆڵبکات،  بەڵام ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بە بەهێزترین هاوبەشی شەڕی داعشی دەزانن.