بەشێک چاودێرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بە گومانەوە لە جوڵەکانی ئەم دواییەی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی تورکیا لەگەڵ کورد دەڕوانن و ڕایان وایە، پرسی ئاشتی لە دیدی تورکیا تەنها تاکتیکە و چەند ئامانجێکی لە پشتە کە گرنگترینیان بە لاڕێدابردنی ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. محمد ئەمین پێنجوێنی، چاودێری سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " پەیامەکەی ئۆجەلان گرنگە و لە قۆناغێکی زۆر هەستیاردایە، چونکە تورکیا خۆی پێویستی بە ئاشتیە و لە بەردەم پرۆسەیەکی نێودەوڵەتی ناتۆ و جیهاندایە بۆ تێکچوونی دۆخی وڵاتەکەی، واتە تورکیا ترسی هەیە ئەو شەڕەی لە ناوچەکە هەیە بەریکەوێت، بۆیە خۆی داوا دەکات ئۆجەلان بانگی ئاشتی بدات." وتیشی، "پرسی کورد بۆتە جیهانی و گەورەترین سەرکردەکانی وڵاتانی جیهان باس لە کورد و چارەسەری دۆسیەکەی دەکەن، باس لەوە دەکەن کورد دەبێت کیانی خۆی هەبێت کە یەکەم جارە لە مێژووی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردا بڵێن دەبیت کورد مافی خۆی هەبێت وەک میللەتانی تر." دوێنێ 28ی مانگی 12، شاندێکی دەم پارتی بە سەرۆکایەتی هەریەک لە پەرلەمانتاران پەروین بوڵتان و سەری سورەیا ئۆندەر سەردانی دورگەی ئیمڕاڵیان کرد و دیداریان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری 25 ساڵ زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجامدا. شاندی دەمپارتی لە دوای دیدارەکەیان بۆ ئیمڕاڵی ڕایانگەیاند ئۆجەلان جەختی لە "برایەتی نیوان کورد و تورک" کردۆتەوە و ڕایگەیاندووە، "بەهێزکردنی برایەتیی تورک-کورد لە نوێوە نەک هەر بەرپرسیارێتییەکی مێژویییە، بەڵکو پرسێکی گرنگ و بەپەلەی چارەنوسسازە بۆ کۆی گەلان. بۆ بەهێزکردنی ئەو پرۆسەیە، گرنگە هەموو بازنە سیاسییەکان لە تورکیا لەسەروی حیساباتی تەسک و کورت مەودا بیربکەنەوە، دەستپێشخەریی بکەن، و بونیادنەرانە هەنگاوبنێن و ئەرێنییانە بەشداریی بکەن." وێڕای ئاماژەکانی تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بەردەوام لە میدیاکانیانەوە هێرش دەکاتە سەر پەکەکە و بەشێک لە لایەنە کوردیەکان و هەڕەشەی لە ناوبردنیان لێدەکات. هەتا ئێستا تورکیا هیچ هەڵویستێکی فەرمی لەبارەی سەردانەکە و لێدوانەکەی ئۆجەلان بۆ پرسی ئاشتی نەبووە. کەمال ڕەئووف، چاودێری سیاسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دەبێت ئامادەسازی بۆ پرسی ئاشتی بکرێت و زەمینەی بۆ ڕێکبخرێت لە ڕووی میدیاییی و تاکتیکی تر، چونکە لە تورکیا کۆمەڵگەیەکی دژە کوردیان دروستکردووە و بە دوو لێدوان ئەوەناگۆڕێت. پرسی ئاشتی بە گۆرینی ڕای گشتی دەکرێت. ئەوەی ئۆجەلان دەلێت مەبەستی لە پەرلەمانە و لە رێگەی یاساوە یەکلا بکرێتەوە." وتیشی، "من پێم وایە پەکەکە پابەندە بە گوێگرتن لە ئۆجەلان. چۆن پەکەکە چەک دانێت کە لە شەڕدایە؟ ئەگەر پەکەکە بڵێ ئاشتی قبوڵ ناکەم ئەوکات دەبێت قسەیەکی تیابکرێت، بەڵام هەتا ئێستا تورکیا جدی نییە لە پرسی ئاشتی، بەشوێن تاکتیکی ئەوەیە کە قەناعەت بە کورد بکات چەک دابنێت یاخود تەلسیم ببن. پرۆژەیەکیان نیە بۆ تێگەشتن لە کورد." دیداری ئۆجەلان و نوێنەرانی دەمپارتی لە کاتێکدایە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی 22ی مانگی 10 داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد، بێتە پەرلەمانی تورکیا و پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوەتەوە. لێدوانەکەی باخچەلی بووە هۆی ئەوەی لە 23ی 10 عومەر ئۆجەلان برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئەندامی دەم پارتی سەرەدانی ئیمڕاڵی بکات و ڕووبەڕوو دیدار لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجامبدات. هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، پەکەکە هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەبارەی دیدارەکەی ئۆجەلان بڵاونەکردۆتەوە. وتەبێژی کەجەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە دەمێکی نزیکدا هەڵوێستی فەرمیمان بۆ ڕای گشتی دەبێت." لە دوای دروستبوونی ئاڵۆزیەکانی سوریا و کەوتنی بەشار ئەسەدەوە جوڵاندنی دۆسیەی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد لە تورکیا زیاتر سەریهەڵداوە. بە ڕای چاودێرانیش گۆڕانکاری ناوچەکە ترسی لە لای ئەردۆغان دروستکرووە کە ئاڵۆزیەکان وڵاتەکەی بگرێتەوە بۆیە لەم کاتەدا پرسی ئاشتی زیاتر باسی لێوەدەکرێت. ئەنوەر حسێن، چاودێری سیاسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "جوڵاندنی پرۆسەی ئاشتی لە ئێستادا گەلێک هۆکاری لە پشتە، بە نموونە چاوبەستەگی لە دنیای نێودەوڵەتی واتە ئەگەر من لەگەڵ تیرۆر لە شەڕدابم لە سوریا و لەگەڵ پەکەکەش، بەڵام لەگەڵ دەم پارتی لە ئاشتیدام؛ دووەم، تێکدانی دۆستایەتی جەهەپە و دەمپارتییە کە لە هەڵبژاردنی ڕابردوو لە نێوانیا ندا سەریهەڵدا؛ سێیەم دەڵێت بەڵکو ئۆجەلان سازش بکات و گۆڕان بەسەر وتاریدا هاتبێت کە بتوانێت پەکەکە ڕازی بکات بە چەکدانان." وتیشی، "لە مێژووی 20 ساڵی ئاکەپە بەئەندازەی ئەم چەند مانگەی ڕابردوو لێدوانی دژی کورد و پەکەکە و باشور و هەدەسە نەداوە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە بارودۆخی کورد بەرەو سەرکەوتن دەڕوات, پێیان وایە دنیای دەرەوە جدین لە پشتیوانی کورد لەناو هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە لایەکی تریش ترسی هەیە لە پاڕجەبوون و ئاڵۆزبوونی وڵاتەکەی. ئۆجەلان جدییە لە پرسی ئاشتی، بەڵام نیەتی ئاشتی لە هەنگاوەکانی تورکیا نابینم."