وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ڕۆژی دووشەممە گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سوریا و لەوێ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و هانی دان ڕووسیا لە وڵاتەکەیان دەربکەن. ئەندری سێبیها لە میانەی سەردانەکەی وتی،"لەو بڕوایەداین لە ڕووی تێڕوانینێکی ستراتیجییەوە، نەمانی ڕووسیا لە سوریا یارمەتیدەر دەبێت نەک تەنیا لە سەقامگیری سوریا، بەڵکو لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریکادا." وتیشی هەردوو ڕژێمی ڕووسیا و ئەسەد پشتیوانیان لە یەکتری دەکرد، بەو پـێیەی بە کوشتن و بڕین لەسەر دەسەڵات دەمێنن. باسی لەوەش کرد ئۆکرانیا ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا باشبکاتەوە کە بەهۆی دانپیادانانی ڕژێمی پێشوو بەو خاکانەی ئۆکرانیا کە لەلایەن مۆسکۆوە داگیرکراون بەشێکن لە خاکی ڕووسیا. بەڵام ئەحمەد ئەلشەرع، دەسەڵاتداری نوێی دیمەشق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە کە ڕۆژی یەکشەممە بڵاوکرایەوە، پەیوەندییەکانی سوریای لەگەڵ ڕووسیا بە ستراتیجی ناودێرکرد و وتی، "هەموو چەکی سوریا ڕووسیایییە و چەندین وێستگەی کارەبای سوریا کەسانی ڕووسیایی بەڕێوەی دەبن، بۆیە نامانەوێت ڕووسیا لە سوریا بچێتە دەرێ وەک هەندێک دەیانەوێت." ڕووسیا لە ئێستادا خوازیارە دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق قایل بن بە مانەوەی بنکە سەربازییەکەی لە فڕۆکەخانەی حمێمیم و شوێنی هێزە دەریاییەکەی لە بەندەری تەرتوس لەسەر دەریای ناوەڕاستدا. سەرچاوە/ فڕانس پرێس.