دانیشتوان و چەکداران دەڵێن خێزانەکانی ئەو ئەفسەرە سەربازییانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەددا خزمەتییان کردووە لە ماڵەکانییان لە شوێنێکی نیشتەجێبوون لە دەرەوەی دیمەشق دەردەکرێن و یاخیبووەکانی پێشوو و خێزانەکانییان دەخرێنە شوێنییان. ناوچەی موادامیات ئەلشام دەیان بینای نیشتەجێبوونی تێدایە و سەدان کەسی لە خۆگرتووە، ناوچەکە یەکێکە لەو ناوچانەی کە تەرخان کرابوون بۆ ئەفسەرە سەربازییەکانی بەشار ئەسەد. ناوی ئەندامانی گروپی ئیسلامی هەیئەت تەحریر ئەلشام کە لە 8 ی مانگی دوانزەدا دیمەشقیان کۆنتڕۆڵ کرد، بە بۆیە لەسەر دەروازەی بیناکان نوسراوە، وەکو ئەوەی کە نیشانە بکرێن بۆ چەکدارەکان. بەدوور مەقدیدی تەمەن 38 ساڵ کە خێزانی ئەفسەرێکی هەواڵگری سەربازیی ڕژێمەکەی ئەسەدە و لە موادامیات ئەلشام دەژی وتی " قوتابخانەی منداڵەکانمان دەگۆڕین، ژیانمان دەست پێدەکەینەوە، من زۆر دڵگرانم، دڵم شکاوە، ئەوە ژیانی ئێمەیە، ژیانی منداڵەکانمە." هاوسەرەکەی مەقدید کە دانیناوە بە بەرپرسە نوێیەکاندا و چەکەکەی ڕادەست کردووە، پێشتر گەڕاوەتەوە بۆ ماڵی خێزانەکەی لە لازقییە، مەقدید و منداڵەکانیشی دەچن بۆ ئەوێ. جێی ئاماژەیە لە نزیکەوە چاودێری بەڕێوەبەرایەتییە نوێیەکەی سوریا دەکرێت لە مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەفسەرەکانی پێشووی ئەسەد و مافی موڵکەکانیشدا، لە وڵاتێکدا کە لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆوە لە ساڵی 2011 ەوە ملیۆنان خەڵک ئاوارە بوون. پێشتر لەم مانگەدا سەرکردەی هەیئەت تەحریر ئەل شام ئەحمەد ئەلشەرع لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت داوا لە دانیشتوانی ماڵە کۆنەکەی خێزانەکەی لە دیمەشق دەکات چۆڵی بکەن تاوەکو خێزانەکەی خۆی بگەڕێنەوە بۆ ئەو ماڵە. سەرچاوە/ فرانس پرێس