ڕۆژی سێشەممە فەڕەنسا ڕایگەیاند هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر شوێنەکانی چەکدارانی داعش لە سوریادا. وەزیری بەرگری فەڕەنسا سێباستیان لیکۆرنۆ لە ئێکس نوسیویەتی هێرشە ئاسمانییەکان ڕۆژی یەکشەممە ئەنجام دراون، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا بە دیاریکراویی لە چی شوێنێکی سوریایان داوە. هێرشە ئاسمانییەکانی فەڕەنسا چەند هەفتەیەک دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا دێت لە سوریادا، لە دوای ئەوەی یاخیبووەکان کۆنتڕۆڵی دیمەشقییان کرد و ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدییان ڕووخاند. لە ساڵی 2014 دا چەکدارانی داعش خاکێکی بەرفراوانییان لە ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕۆژئاوای عێراق کۆنتڕۆڵ کرد، ئەوەش وایکرد هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا دروست ببێت بۆ شکستهێنان بە داعش. داعش لەو کاتەوە ناوچەکانی لە دەستداوە، بەڵام هێشتا لە سوریادا بوونییان ماوە. هێرشە ئاسمانییەکانی ڕۆژئاوا لە سوریا لە نێوەندی پرسیارەکاندایە سەبارەت بە داهاتووی سیاسیی و ئاسایشی سوریا دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد. یاخیبووەکان کە گروپی ئیسلامی هەیئەت تەحریر ئەلشام سەرکردایەتی دەکردن، لە 8 ی مانگی دوانزەدا کۆنتڕۆڵی دیمەشقییان کردەوە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدییان ڕووخاند. یاخیبووەکان ڕایانگەیاند کە سەرجەم گروپە یاخیبووەکان هەڵدەوەشێننەوە و دەیانکەن بە سوپای سوریا. بەرپرسانی نوێی سوریا ڕۆژی سێشەممە ڕایانگەیاند مورهاف ئەبو قەسرەیان دەستنیشان کردووە بۆ پۆستی وەزیری نوێی بەرگری سوریا. قەسرە کەسایەتییەکی دیاری هەیئەت تەحریر ئەلشام بووە. سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا