ڕۆژی سێشەممە ئەمەریکا سزای بەسەر چەند لایەنێکدا سەپاند لە ئێران و ڕووسیا، تۆمەتباری کردن بە تۆمەتی دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی پێشتری ئەم ساڵی ئەمەریکادا. وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا وتی لایەنەکان بریتین لە کۆمپانیایەکی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و ڕێکخراوێکی سەر بە دەزگای هەواڵگری سەربازیی ڕووسیا، ئامانجییان " خستنەوەی گرژی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کارکردنە سەر هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا بووە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 ی ئەمەریکادا." خەزێنە وتی ڕێکخراوە ڕووسیاییەکە لانیکەم لە ساڵی 2023 ەوە ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدات، هاوکات ناوەندی شارەزایی جیۆسیاسیی لە مۆسکۆ زانیاری نادروستی سەبارەت بە بەربژێرەکانی هەڵبژاردنەکان بڵاوکردووەتەوە و وێنە و ڤیدیۆی ساختەی بڵاوکردووەتەوە. خەزێنە وتی ناوەندەکە یاری بە ڤیدیۆیەک کردووە بۆ دروستکردنی " تۆمەتێکی بێ بنەما سەبارەت بە بەربژێرێکی جێگری سەرۆک." بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا کام لە بەربژێرەکان بووە. دانۆڵد ترامپی کۆماری لە مانگی یانزەدا وەکو سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرا و بەسەر بەربژێری دیموکراتەکان کاملا هێرسدا سەرکەوت. برادلی سمیثی جێگری وەزیری خەزێنە بۆ کاروباری دارایی تیرۆر و هەواڵگری وتی " حکومەتەکانی ئیران و ڕووسیا پڕۆسەکانی هەڵبژاردن و دامەزراوەکانمانییان کردووەتە ئامانج و هەوڵییانداوە دووبەرەکی لە نێو گەلی ئەمەریکادا دروست بکەن لە ڕێی کەمپینی بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروستەوە." وتیشی " ئەمەریکا بە وریاییەوە دەمێنێتەوە دژی هەر دوژمنێک کە دیموکراسییەکەمان بخاتە مەترسییەوە." سەرچاوە/ ڕۆیتەرز