پەیامی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بۆ ساڵیادی شەهید لەیلا قاسم

دوایین نوێکردنەوە 2020-05-12 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

 

هەولێر-KDP.info-ئەمڕۆ ۱۲ی ئایار ساڵیادی لە سێدارەدانی لەیلا قاسم کچە تێکۆشەری کورد و ڕێبازی پیرۆزی بارزانییە.

 

٤٦ساڵ لەمەوپێش ڕژێمی بەعسی فاشیست دوای ئەوەی لەیلا قاسم و هەڤاڵەکانی دەسگیرکرد لە دادگایەکی نادادگەر و ستەمکاردا بڕیاری لە سێدارەدانی لەسەر جێبەجێکردن.

لەیلا قاسم ئەو تێکۆشەرە بوو کە دژ بە ستەمی ڕژێم و بۆ بەرپەرچدانەوەی نکۆڵیکردن لە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد وەستایەوەو بە تێکۆشانی سیاسی دڵی دەسەڵاتی ستەمکاری هێنایە لەرزە.

 

بەوەش ڕەوتی مێژووی گۆڕی و سەلماندی کە چەمکەکانی ئازایەتی و گیانفیدایی موڵکی ڕەگەزێک نییەو هەردوو ڕەگەزی مرۆڤ توانای بەرخودان و بەرگرییان هەیە. بەوەش لەیلا قاسم بوو بە ترۆپكی ئازایەتی، بوو بە هێمای بەرەنگاری و بەخشین و بوو بە تێشوی بەردەوامی و نەسرەوتن، ئەو  رۆحە  هێندە گەورەبوو، كە لە پێناوی كوردایەتی و نیشتیماندا لە بەهاری تەمەنیا بە سرودی ژیان و هیوا، بە خەندەوە بەرەو پەتی سێدارە چوو.

 

جێی شانازیمانە کە شەهید لەیلا قاسم تێکۆشەرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامێکی ڕێکخراوەکەمان یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بوو.

ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە پارتی هەمیشە ئەو زەمینەیەی ڕەخساندووە کە ئافرەت لە نێو ڕیزەکانیدا تێکۆشان بکات و ئافرەتانیش هەر پارتی و ڕێبازی بارزانییان هەڵبژاردووە بۆ خەبات و تێکۆشانی کوردایەتی.

 

ئێمە لە کاتێکدا ئەم یادە پڕ شکۆیە بەرز ڕادەگرین و لە ئاست ئەو قوربانیدانە بێ وێنەیە سەری ڕێز دادەنوێنین؛ بەڵێن دوپات دەکەینەوە کە هەمیشە لەسەر ڕێ و ڕێبازەکەی بەردەوام بین و بە کار و تێکۆشان بۆ پرسی ئافرەت و پرسی نەتەوایەتی ڕۆحی شادکەین.

درود و سڵاو بۆ ڕۆحی لەیلا قاسم و هەڤاڵەکانی و گشت شەهیدانی کوردستان، سەروەری شەهیدان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد.

 

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان

١٢ی ئایاری ٢٠٢٠