ئیتالیا باڵیۆزی ئێران بانگ دەکات و داوای ئازادکردنی ڕۆژنامەوانەکەی دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-02 17:55:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

وەزارەتی دەرەوەی ئیتالیا ڕۆژی پێنجشەممە باڵیۆزی ئێرانی بانگکرد و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ڕۆژنامەوان سیسیلیا سالای کرد کە لە 19 ی مانگی 12 وە لە ئێران دەستگیر کراوە، بە ڤیزای کاری ئاسایی ڕۆژنامەوانی لە وڵاتەکەدا بووە. وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "نیگەرانییەکی ڕژد"یان لە دەستبەسەرکردنی سەلا دەربڕیوە و جەختیشیان لە پێویستی مامەڵەی مرۆڤانە و ڕێزگرتن لە مافە مرۆییەکانی سەلا کردووەتەوە. میدیاکانی ئیتالیا بڵاویانکردەوە، سالا لە ژوورێکی تاکەکەسی سارددا دانراوە. چاویلکەکەی دەستی بەسەردا گیراوە و ڕێگەی پێوەندیکردنی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا پێنادرێت. ڕیکاردۆ گواریگلیا سکرتێری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا، داوای کرد ڕێگە بدرێت بە ستافی باڵیۆزخانەکەیان لە تاران سەردانی سالا بکەن و "ئەو کەرەستە پێداویستییانەی بۆ دابین بکەن کە تا ئێستا ڕەتکراونەتەوە". ئاژانسی هەواڵی ئیرنای فەرمی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە سەلا بە تۆمەتی "پێشێلکردنی یاساکانی کۆماری ئیسلامی" دەستبەسەر کراوە. هیچ زانیارییەکی زیاتری نەدا. سەلا دوای سێ ڕۆژ لە دەستگیرکردنی بازرگانێکی ئێرانی بە ناوی محەمەد عابێدینی لە فرۆکەخانەی میلان، دەستگیرکرا. ئەو بازرگانە ئێرانییە بە پێی فەرمانی دەستگیرکردنی ئەمەریکا دەستگیرکراوە بۆ دابینکردنی پارچەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە واشنتن دەڵێت لە هێرشێکی ساڵی 2023دا بەکارهێنراون کە سێ سەربازی ئەمەریکایی لە ئوردن تێدا کوژراون. ئێران ڕەتیدەکاتەوە دەستی لەو هێرشەدا هەبێت و لە میدیاکانی ئێراندا لە زاری وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەوە بڵاوکراوەتەوە، دەستگیرکردنی عابێدینی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە. لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هێزە ئاسایشییەکانی ئێران دەیان کەسی بیانی خاوەن دوو ڕەگەزنامەیان دەستگیرکردووە کە زۆربەیان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە سیخوڕی و ئەمنیەتییەوە دەستگیرکراون. گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە ئەم دەستگیرکردنانە بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیاز بەکاردەهێنێت، بەڵام ئێران نکوڵی لێدەکات. نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا ڕایگەیاند، بڕیارە دواتر ڕۆژی پێنجشەممە، جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و دادی وڵاتەکەی، دۆسیەی سەلا تاوتوێ بکات. سەرچاوە: ڕۆیتەرز