نێرگز محەمەدی خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ دوو کتێب بڵاو دەکاتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-02 20:47:54 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

نێرگز محەمەدی، چالاکوانی ئێرانی و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی 2023، بڕیارە دوو کتێب بڵاوبکاتەوە کە یەکێکیان بریتییە لە ژیاننامەی خۆی و ئەوی تریان تایبەتە بەو ژنانەی کە وەک ئەو بە تۆمەتی سیاسی زیندانی کراون. نێرگز محەمەدی تەمەن 52 ساڵ لە چاوپێکەوتنێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە گۆڤاری ئێلی فەرەنسی بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند، "ژیاننامەکەمم تەواو کردووە و پلانم هەیە بڵاوی بکەمەوە؛ کتێبێکی دیکە لەسەر دەستدرێژی و ئازاردانی سێکسی دژی ژنانی دەستبەسەرکراو لە ئێران دەنووسم. هیوادارم بەم زووانە بکەوێتە بەردەست." ئەو چالاکوانەی مافی مرۆڤ لە ئێران ماوەی سێ هەفتەی ئازادکردنی مەرجداری لە زیندان پێدراوە لەسەر بنەمای پزیشکی، بەهۆی ئەوەی نەشتەرگەری ئێسکی بۆ ئەنجامدراوە. چاوپێکەوتنەکەی لەو کاتەدا و لە ڕێگەی کورتە نامە و پەیامی دەنگییەوە ئەنجامداوە. محەمەدی لە ماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا چەندین جار زیندانی کراوە. دوایین زیندانی کردنی لە مانگی یازدەی 2021 بوو بەهۆی چالاکییەکانی لە دژی سەرپۆشی زۆرەملێ و سزای لەسێدارەدان لە ئێران. ئەو لە بەندینخانەی بەدناوی ئەڤین لە تاران زیندانی کراوە، کە بووەتە هۆی جێهێشتنی کاریگەری جەستەیی بەسەرییەوە. محەمەدی لەمبارەوە ڕایگەیاند، "ڕاستە لەشم لاواز بووە لە ئەنجامی سێ ساڵ دەستبەسەرکردن... و ڕەتکردنەوەی بەردەوامی چارەسەری پزیشکی بۆم. بەڵام بارودۆخی دەروونیم پۆڵایینە." محەمەدی ئاماژەی بەوەشکرد، 70 زیندانی لە بەشی ژنانی بەندینخانەی ئەڤین هەن و پێکهاتوون "لە هەموو چین و توێژەکانی ژیان و لە هەموو تەمەنێک و لە هەموو ئاراستەیەکی سیاسی،" لەوانە ڕۆژنامەنووسان، نووسەران، چالاکانی مافی ژنان و ئەو کەسانەی لەسەر بیروڕای ئایینی گیراون. محەمەدی کە لەگەڵ 13 زیندانی دیکەدا لە یەکێک لە خانەکانی بەندینخانەی ئەڤین ڕاگیراوە، وتی یەکێک لە باوترین "ئامرازەکانی ئەشکەنجەدان" لە زیندانەکەدا بریتییە لە خانەکانی گۆشەگیرکردن. ڕایگەیاند، "شوێنێکە کە زیندانییە سیاسییەکان تێیدا دەمرن. من خۆم دۆسیەی ئەشکەنجەدان و توندوتیژی سێکسی جددیم لە دژی هاوزیندانییەکانم بە بەڵگە تۆمارکردووە". وتیشی سەرەڕای ئەو بارودۆخە سەختە، هێشتا کرداری بەرخۆدان لەلایەن زیندانییەکانەوە بەردەوامە. بۆ نمونە، "لەم دواییانەدا لە کۆی 70 زیندانی بەندینخانەکە 45 کەسیان لە حەوشەی زیندان خۆپیشاندانێکیان کرد لە دژی بڕیاری لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و ڤاریشە مورادی ،" کە دوو چالاکوانی مافی مرۆڤی کوردن. لە مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو دوای ئەوەی محەمەدی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا، دوو منداڵەکەی بەناوی ئەوەوە خەڵاتەیان وەرگرت لە کاتێدا ئەو لە زیندان بوو. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند دۆخی نێرگز محەمەدی بە "قوڵی نیگەرانکەرە."   سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس