دەسەڵاتی فەلەستینی لە کەناری ڕۆژئاوا پەخشی کەناڵی ئەلجەزیرە ڕادەگرێت

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-02 20:47:54 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ئاژانسی هەواڵی فەلەستینی وفا بڵاویکردەوە، دەسەڵاتی فەلەستینی لە کەناری ڕۆژئاوا پەخشی کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری لە ناوچەکەدا  بۆماوەیەکی کاتیی ڕاگرتووە بەهۆی بڵاوکردنەوەی "پەیامی هاندان". ئاژانسەکە بەبێ خستنەڕووی زانیاری ورد ڕایگەیاند، وەزیرانی ڕۆشنبیری، ناوخۆ و  ڕاگەیاندن پێکەوە بڕیاریان داوە بۆ داخستنی کەناڵەکە بەهۆی بڵاوکردنەوەی  ئەو بابەتانەی " نادروستن و هانی توندوتیژی" دەدەن. لە فەرمانی ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەکانی کەناڵی جەزیرەدا هاتووە کە بڕیارەکە کاتییە، بەڵام هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ کردنەوەی ڕانەگەیەندراوە. دەسەڵاتی فەلەستینی لە کەناری ڕۆژئاوا هەفتەی ڕابردوو ڕەخنەی لە ئەلجەزیرە گرت بە هۆی هەواڵێک سەبارەت  بە پێکدادانەکانی نێوان هێزە ئاسایشییەکانی فەلەستینی چەکدارەکان لە کامپی پەنابەرانی جنینی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل. کەناڵی جەزیرە ئەو بڕیارەی بە "هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە ڕاپۆرتکردنی ڕووداوە بەرچاوەکانی ناوچە داگیرکراوەکان" شەرمەزار کرد. کەناڵەکە داوای لە دەسەڵاتی فەلەستینیەکان کرد لە بڕیارەکە پاشگەزبێتەوە و کەناڵەکە بکاتەوە و ڕێگە بە ڕۆژنامەنووسانی تۆڕەکە بدات بەبێ ترس لە کەناری ڕۆژئاواوە بە ئازادی ڕاپۆرت بکەن. پێشبینی ناکرێ هەمان بڕیار لە غەززە دەربچێت، چونکە لەژێر کۆنترۆڵی حەماسدایە و دەسەڵاتی فەلەستینییەکان لەوێ ڕۆڵێکی ئەوتۆی نییە. بزووتنەوەی فەتح، ئەو گرووپەی کە دەسەڵاتی فەلەستینی لە کەناری ڕۆژئاوا کۆنتڕۆڵ دەکات، ڕایگەیاندووە، کەناڵی جەزیرە دابەشکاری لە "وڵاتانی عەرەبیمان بە گشتی و لە فەلەستین بەتایبەتی" دروست دەکات. ئەو گرووپە هەروەها داوای لە فەلەستینییەکان کردووە هاوکاری تۆڕی ئەلجەزیرە نەکەن. لە مانگی ئەیلولی ڕابردوودا سوپای ئیسرائیل هەڵیکوتایە سەر باڵەخانەی ئەلجەزیرە لە شاری ڕامەڵڵای کەناری ڕۆژئاوا و فەرمانی داخستنی دەرکرد. ئیسرائیل لە مانگی پێنجی ڕابردوودا بڕیاری قەدەغەکردنی کار و پەخشی کەناڵی جەزیرەی دا و ڕایگەیاند کە ئەمە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل. دواتر دادگا ئەم قەدەغەیەی پشتڕاستکردەوە.   سەرچاوە: ڕۆیتەرز