ئایندەی ئاین و مەزهەبەکان لە سوریای نوێ

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-02 21:20:18 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

سوریا کە وڵاتێکی فرە نەتەوە و ئایینە، لە ماوەی زیاتر لە 50 ساڵی ڕابردووی ڕژێمێکی دیکتاتۆری ستەمکار حوکمڕانی کردووە کە خاوەنی هیچ بیروباوەڕێک نەبووە، بۆیە هەر کەسێک لە کام نەتەوە و ئاین و مەزهەبێک بووایە بە مەرجێک پشتیوانی لەو ڕژێمە بکردایە کێشەی نەدەبوو، بەڵام ئێستا و لە پاش ڕووخاندنی ئەو ڕژێمە و کەوتنی وڵاتەکە بۆ نێو دەستی هەیئەت تەحریر ئەلشام و گروپەکانی هاوپەیمانی کە بەشی زۆریان بە گروپی توندڕەوی ئیسلامی سووننە ناسراون، نیگەرانی لە نێو کەمینە ئاینییەکان دروستکردووە، بە تایبەتی لە پاش شکاندنی کێلی چەند گۆڕێکی کریستیانەکان و بە دوایدا سووتاندنی دارێکی کرێسمس. هەروەها نێو عەلەوییەکانیش ناڕەزایی و بێزاری سەریهەڵداوە لە پاش سووکایەتیکردن بە بیروباوەڕیان و دەستدرێژکردنە سەر شوێنی پیرۆز و موڵک و ماڵیان لە چەند ناوچەیەکی ڕۆژئاوای وڵاتەکە. نیگەرانی دورزییەکانیش هیچی کەمتر نییە لەوانی دیکە، بۆیە لە ئێستا چەکدارەکانیان ڕەتیدەکەنەوە لەم بارودۆخە ناڕوونەدا چەکەکانیان ڕادەستی ئەم دەسەڵاتە نوێیە بکەن. هاوکاتی ئەم نیگەرانییانە، لە نێو جەماوەری ئەم گروپە توندڕەوانە ناڕەزایی لە دژی ئەحمەد ئەلشەرع ڕێبەری ئێستای سوریا دروستبووە و دەڵێن ئەوان ڕژێمی ئەسەدیان نەڕووخاندووە بۆ ئەوەی ڕژێمێکی سیکیولار بێتە سەر دەسەڵات. دەپرسین: هەتا چەند ئەو نیگەرانییانە لە شوێنی خۆیاندان؟ ئایە دەسەڵاتی نوێی سوریا دەتوانێت سنوورێک بۆ ئەو ڕووداوانە دابنێت؟ ئایە ئەحمەد ئەلشەرع دەتوانێت خواستەکانی بنکە جەماوەرییەکەی پشتگوێ بخات؟ لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری: ئیسماعیل ڕەشید، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی یەکێتی کوردستانی سوریا. زوهەیر عەلی، چالاکوانی کوردی لە کۆمەڵگای عەلەوی. قەشە حەسەن، شوانی کەنیسە ئانابابتایست لە سلێمانی. سەرۆ قادر، نووسەر و لێکۆڵەر. قەشە حەسەن: ئەوەی لە بەرامبەر مەسیحییەکان لە سوریا ڕوویدا بە سوتاندنی داری کریسمیس یان ئەو کارانەی تر، کاری کەسی نین، بەڵکو کارێکی پێشتر بەرنامە بۆ داڕێژراو بوو، لە حلفا هەڵیانکوتایە سەر کەنیسە و چەندین کەلوپەلیان تێکشکاند، کە لە سوتاندنی دارەکان مەترسیدارتربوو، ئێستا لە شاری حەلەب جلی شەرعی دابەش دەکەن بەسەر خەڵکدا کە دەبێت بە زۆر بیپۆشن، ڕاستە لە بەردەم کامێرا محەمەد جۆلانی و تەحریر ئەلشام دەیانەوێت ڕووی خۆیان سپی بکەنەوە باس لە ڕێزگرتن لە پێکهاتەکان و ئاینە جیاوازەکان دەکەن، بەڵام ئەوە تەنها بەردەم کامێرایە، لە پشتی کامێرا شتێکی تر دەگوزەرێت، کریستیانیەکانی سوریا مەترسییان هەیە، نازانن بەیانی چی ڕوودەدات، دەترسین ئەفغانستانێکی تر لە سوریا دروست ببێت کە یەک کەس و یەک بیروباوەڕ زاڵ بێت بەسەر دەوڵەتدا. ئەو چەکدارانەی ئێستا لە سوریادان زۆرینەیان جگە لەوە توندڕەون کەسانی بیانین، ئەمانە ناتوانرێت ئومێد و هیوای دەوڵەتی دیموکراتیان لەسەر هەڵبچێنرێت، تەحریر ئەلشام، هەر ئەوەندەی کەمتر لە 15 ڕۆژ بوو هاتبوونە سەر حوکم هێرشیان کردە سەر کریستیان و داری کریسمیس و کەنیسەکان بەسە بۆ ئەوەی ئەوە بسەلمێت ئەم گروپە مەترسیدارن و کریستیانەکان ترسیان لە سبەی هەیە، ئەفغانستانێکی تر لە سوریا دروست ببێت کە یەک کەس و یەک بیروباوەڕ زاڵ بێت بەسەر دەوڵەتدا، چونکە کریستیانەکان تەنها جەژنی خۆیان دەگێڕا بە ئاشتی و خۆشی بێ ئەوەی هیچ کات خاوەنی چەک بووبن، بەو شێوازە کەوتنە پەلامار و هێرش و ئیستفزازی کریستیانەکان. زوهەیر عەلی: بێگومان ئێمەش وەک عەلەوییەکانی سوریا ترسمان هەیە، بە تایبەت کەسانی توندڕەو کە لە هەموو ئاین و مەزهەبێکدا بوونی هەیە ئەم کەسانە ببنە دەسەڵاتدار مەترسی دەبن، بەڵام دەخوازین ئەم گرفت و کێشانە بە ئاشتی و زوو چارەسەر ببن، بۆیە ترسی عەلەوییەکان بوونی ئەو کەسە توندڕەوانەیە، بۆیە ئێمەش داواکارین و دەخوازین سوریای داهاتوو سوریایەکی دیموکراتی عەلمانی بێت دوور لە هەر دەستە و تاقمێکی توندڕەوی هەتا بتوانێت مافی هەموو پێکهاتە و ئاینە جیاوازەکان بپارێزرێت. سەرۆ قادر: ئەو ترسەی ئێستا عەلەوی و کریستیان و پێکهاتەکان لە سوریا هەیانە، ترسێکی مێژووییە کە بنچینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش زیاتر لە هەزار ساڵ، کە ئەو پێکهاتانەی تووشی کوشتن و لە ناوبردن و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و زاری کشتوکاڵی و بە سەبایاکردنی ئافرەتەکانیان کردووە، من هانیان دەدەم بەردەوام کاربکەن هەتا سەرجەم مافەکانیان لە دەستوری داهاتووی سوریا دەچەسپێنن، دەبێت کەمایەتییەکانیش دەنگ هەڵبڕن و ڕوونی بکەنەوە بۆ جیهان بۆچی دەترسن، چونکە ئەو هێزەی ئێستا لە سوریا دوای ئەسەد دەسەڵاتی گرتووەتە دەست مێژووی هەموویان دەزانین، جێیی متمانە نین چونکە ڕەگ و ڕیشەی لە توند و تیژیدایە، هەموومان دڵنیاین ئەو هەموو چەک بە دەستی ڕیش پانی دەموچاو داپۆشراوەی ئێستا لە ناو دیمەشق دەیانبینین هەموویان کلتور و باوەڕ و ڕۆشنبیریان داعشیە، بۆیە ئەم جۆرە جلانەیان لەبەردایە، بۆیە دەبێت ڕێزی ئەو ترس و گومانەی پێکهاتەکان بگرین و بکرێتە فشارێک کە لە دوا جاردا ئەنجامێکی باشی بۆ میلـلەتی سوریا هەبێت، سووتاندنی داری کرێسمیس و شکانی پەیکەری مەریم و هێرشی سەر عەلەوییەکان، کاری گروپێکی ناو هەیئەی تەحریری ئەلشام بوو، خودی هەیئەی تەحریری شام هەیئەیەکی مەترسیدارن هێشتا یەکلایی نەبوونەتەوە، دەبێت هەڵبوەشێنرێتەوە، چونکە ئەوە بەپێی ئەزمونی جیهانی ئیسلامی کەڵکی ئەوەی نیە ببێتە حزبێک، نە ئەحمەد ئەلشەرع نە تەحریر ئەڵشام نە هیچ کەس، جێی سیقە نیـیە هەتا ئەو کاتەی نەبێتە دەستور و یاسا کە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی سوریا بەشداربن بۆ بەدەستهێنان و چەسپاندنی مافەکانیان بە یەکسانی لە ناو دەستوری داهاتووی سوریا و یاسا و ڕێنماییەکان. ئیسماعیل ڕەشید: ئێمە دەمانەوێت سوریای نوێ ، سوریایەکی دیموکراتی و فیدراڵی بێت، نە ئەنەکەسە، نە میللەتی کورد و نە سوورییەکانیش قبوڵ ناکەن لایەنێکی ئیسلامی سوریا کۆنترۆڵ بکات، سوریا ئەفغانستان نیـیە، بەڵکو سوریا وڵاتێکی خاوەن شارستانیەت و فرە نەتەوە و ئاینە، هێشتا زووە محەمەد جۆلانی و گروپی تەحریری شام، لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێن، پێویستە لە ژێر چاودێری بن. شاندەکەی ئەمەریکا لە سەردانەکەی بۆ دیمەشق ئامادەنەبوون لە کۆشکی شام لەگەڵ محەمەد جۆلانی کۆببنەوە، بەڵکو لە هۆتێلێک، ئەمە ئەوەی سەلماند کە هێشتا ئەمەریکا و وڵاتانی تر محەمەد جۆلانی و گروپەکەیان خستووەتە ژێر چاودێری، بۆ داهاتووی سوریا نە ئێمە وەک ئەنەکەسە، نە سوریاییەکانیش نە ئیسڕائیلیش قبوڵ ناکەن سوریا یەک گروپ و یەک بیروباوەڕی توندڕەوی ئیسلامی هاوشێوەی 1400 ساڵ لەمەوبەر حوکمی سوریا بکەن و ببێتە دراوسێی ئیسڕائیلیش.