بەرپرسانی کۆریای باشوور ڕۆژی هەینی هەوڵەکانیان بۆ دەستگیرکردنی سەرۆکی دوورخراوەی وڵاتەکە یوون سوک یۆل ڕاگرت دوای شەش کاتژمێر لە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان لێکۆڵەرەوان و ئەو هێزە ئاسایشییانەی کە سەر بە یوون سوک یۆلن. تیمە هاوبەشەکەی لێکۆڵەرەوان، ئەو تیمەی کە هەوڵیدا یوون دەستبەسەر بکات، لە بەیاننامەیەکدا وتی " مەحاڵ " بووە مۆڵەتی دەستگیرکردنەکە جێبەجێ بکرێت کە لەلایەن دادگاوە پەسەند کراوە، ئەوەش بەهۆی خۆبەدەستەوە نەدانی یوون و پارێزراویی ئەو کەسانەی کە لە شوێنەکەدا بوون. نزیکەی 100 لێکۆڵەر و 3000 پۆلیسی ڕووبەڕووبوونەوەی کاری تێکدەرانە بەیانی زوو گەیشتنە بەردەم شوێنی فەڕمی مانەوەی یوون لە ناوەڕاستی سیئۆل، ئەمەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا لەسەر یاخیبوون و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات. ئۆفیسی لێکۆڵینەوەی گەندەڵی وتی نزیکەی 200 سەرباز و ئاسایشی دیکەی چەکدار ڕێگرییان لە چوونە ژوورەوە و دەستبەسەرکردنی یوون کردووە. مۆڵەتی دەستگیرکردنەکە تاوەکو ڕۆژی دووشەممە کاری پێدەکرێت، تیمە هاوبەشەکەی لێکۆڵەرەوانیش وتی بیر لە هەنگاوەکانی دواتر دەکەنەوە. ئەم ڕووداوانە درێژەدان بە مانگێکی نائاسایی ئاژاوەی سیاسی دەردەخات کە لە 3 ی مانگی دوانزەوە دەستیپێکرد، کاتێک یوون دەسەڵاتی سەربازیی ڕاگەیاند. یاسادانەران بەخێرایی ڕاگەیاندنەکەیان هەڵوەشاندەوە، دواتر یوونییان لەسەر دەسەڵات دوورخستەوە و دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتییان لێسەندەوە، چاوەڕێی بڕیاری دادگای دەستووری وڵاتەکەن. دەسەڵاتی سەربازیی زۆرجار لە ماوەی شەڕ، یاخیبوون یاخود کارەساتێکی سروشتیدا ڕادەگەیەندرێت، تێیدا بۆ ماوەیەکی کاتی دەسەڵاتی سەربازیی جێی دەسەڵاتی سڤیل دەگرێتەوە و فەرماندەی سوپا دەسەڵاتی تەواوی پێدەدرێت هەر یاسایەک بیەوێت بیسەپێنێت. یوون لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت لەسەر یاخیبوون و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، ئەو تۆمەتانەش پەیوەستن بە ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی سەربازییەوە. سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا