تاران دەڵێت دەستگیرکردنی هاووڵاتییەکی لەلایەن ئیتاڵیاوە ' نایاساییە '

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-03 20:35:16 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی هەینی وتی بانگی باڵیۆزی ئیتاڵیای کردووە لە تاران و ناڕەزایی دەربڕیوە سەبارەت بە دەستگیرکردنی هاووڵاتییەکی ئێرانی لەلایەن ئیتاڵیاوە و بە " کردەوەیەکی نایاسایی " ناوی برد. وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی " بەهۆی بەردەوامیدانەوە بە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتی محەمەد ئەبیدینی لەلایەن ئیتاڵیاوە، بەڕێز پاولا ئامادی باڵیۆزی ئیتاڵیا لە تاران ڕۆژی هەینی بانگکراوە." مانگی ڕابردوو ئەبیدینی تەمەن 38 ساڵ لەسەر داوای بەرپرسانی ئەمەریکایی لە ئیتاڵیا دەستگیرکرا، بەرپرسانی ئەمەریکا ئەبیدینییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی دابینکردنی تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سوپای ئێران، بەوەش سزاکانی ئەمەریکای پێشێل کردووە. بەرپرسانی دادی ئەمەریکا دەڵێن گوایە پارچەکان لە هێرشە ئاسمانییەکەی مانگی یەکدا بۆ سەر بنکەکەی سەربازیی ئوردن لە نزیک سنووری سوریا بەکارهێندراون، لەو هێرشەدا کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدرا سێ سەربازیی ئەمەریکایی کوژراون. وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی " دەستگیرکردنی بەڕێز ئەبیدینی کردەوەیەکی نایاساییە کە لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە داوا کراوە." وتیشی دەستگیرکردنەکە نەک تەنها " زیان بە پەیوەندییە درێژخایەنەکەی نێوان ئێران و ئیتاڵیا دەگەیەنێت، بەڵکو بنەما و بەهاکانی یاسای نێودەوڵەتیش پێشێل دەکات، بە یاساکانی مافەکانی مرۆڤیشەوە." پیاوێکی دیکە، مەهدی محەمەد سادقی کە هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی ئێرانییە، لە ئەمەریکا دەستگیرکراوە و بە تۆمەتی هاریکارییکردن لەگەڵ ئەبیدینیدا تۆمەتبار کراوە، ئێرانیش ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە. لە 19 ی مانگی دوانزەدا و دوای دەستگیرکردنی دوو پیاوەکە، بەرپرسانی ئێرانی ڕۆژنامەنووسی ئیتاڵیایی سیسیلیا سالای تەمەن 29 ساڵییان لە تاران دەستگیرکرد. ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا بانگی باڵیۆزی ئێرانی کرد لە ڕۆما، بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆسییەکە. وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا و وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش هەردووکیان داوای دەستبەجێ ئازادکردنی هاووڵاتییەکانییان کردووە. سالا لە 13 ی مانگی دوانزەدا بە ڤیزای ڕۆژنامەنووسی گەشتی کرد بۆ ئێران. شەش ڕۆژ دوای ئەوە بە تۆمەتی " پێشێلکردنی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران " دەستگیرکرا. سەرچاوە/ فرانس پرێس