گەورە پزیشکی حکومەتی ئەمەریکا: دەبێت خواردنەوە کحولییەکان ئاگادارکردنەوەی شێرپەنجەیان لەسەر بنوسرێت

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-03 21:55:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

گەورە پزیشکی حکومەتی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی داوای هۆشداری تەندروستی کرد سەبارەت بە خواردنەوە کحولییەکان بۆ ئەوەی تیشک بخەنە سەر ئەوەی کە خواردنەوەی کحولییەکان دەبنە هۆی شێرپەنجە و داوای دووبارە هەڵسەنگاندنی سنووری خواردنەوە کحولییەکانی کرد. دکتۆر ڤیڤێک مورثی، سەرۆکی دەستەی خزمەتگوزارییە تەندروستییە گشتییەکانی ئەمەریکا دەڵێت پەیوەندی نێوان کحول و شێرپەنجە لە ساڵانی هەشتاکانەوە زانراوە و بەڵگەی زۆریش مەترسییەکان دووپات دەکەنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، نیشانەکانی ئاگادارکردنەوەی زۆرەملێ چارەسەری مەترسییەکە ناکەن لەسەر تەندروستی. مورثی وتی " کحول بە باشی زاندراوە کە هۆکارێکی شێرپەنجەیە و دەکرێت ڕێگری لێبکرێت، کحول ساڵانە لە ئەمەریکا بەرپرسە لە 100,000 حاڵەتی شێرپەنجە و 20,000 حاڵەتی مردن." وتیشی نزیکەی 13,500 حاڵەتی مردن بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە کە پەیوەستن بە کحولەوە ساڵانە تۆمار دەکرێت. وتی " بەڵام هێشتا زۆرینەی ئەمەریکاییەکان ئاگاداری ئەم مەترسییە نین." تیشکی خستەسەر پێویستییەکی بەپەلە بۆ هۆشیارکردنەوەی گشتی. لە ساڵی 1988 ەوە تەنها ئەم ئاگادارکردنەوەیە لەسەر خواردنەوە کحولییەکان نوسراوە، " ژنان لە ماوەی دووگیانیدا نابێت خواردنەوە کحولییەکان بخۆنەوە چونکە مەترسی کەموکوڕی لە دایکبوونی لێدەکەوێتەوە "، هەروەها " خواردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان وادەکەن نەتوانیت ئوتومبێل لێبخوڕیت و ڕەنگە ببێتە هۆی کێشەی تەندروستی." مورثی داوای لە کۆنگرێس کرد ئەو ئاگادارکردنەوەیە نوێ بکەنەوە، بە شێوەیەک لەگەڵ ئەوەی ئێستادا بگونجێت کە بە باشی دەرکەوتووە کە خواردنەوە کحولییەکان مەترسی توشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکەن، وڵاتانی وەکو کۆریای باشوور و ئێرلەندا ئەو ئاگادارکردنەوەیەیان نوێ کردووەتەوە. خواردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان مەترسی توشبوون بە لانیکەم شەش جۆری شێرپەنجە زیاد دەکەن، شێرپەنجەی مەمک، کۆڵۆن، جگەر، دەم، قوڕگ و سورێنچک. بۆ شێرپەنجەی مەمک بە تەنها، کحول هۆکاری لە سەدا 16.4 ی سەرجەم حاڵەتەکانی شێرپەنجەی مەمکە. بەڵام هۆشیاری گشتی لەو بارەیەوە زۆر لە دواوەیە. لە ئامارێکی ساڵی 2019 دا دەردەکەوێت کە تەنها لە سەدا 45 ی ئەمەریکاییەکان خواردنەوە کحولییەکان بە هۆکارێکی توشبوون بە شێرپەنجە دەزانن. سەرچاوە/ فرانس پرێس