هێرشەکەی نیو ئۆرلیانز تیشک دەخاتە سەر هەوڵی گەڕانەوەی ڕێکخراوی داعش

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-05 17:50:18 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

سەربازێکی کۆنی سوپای ئەمەریکا کە ئاڵای ڕەشی ڕێکخراوی داعشی لەسەر بارهەڵگرێک هەڵکردبوو و خۆی کرد بە ئاهەنگێکی سەری ساڵدا لە نیو ئۆرلیانز، نیشانیدا کە چۆن داعشی توندڕەو هێشتا توانای هاندانی توندوتیژی هەیە سەرەڕای ئەوەی چەندین ساڵە بە دەست هاوپەیمانێتییە سەربازییەکەوە بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا دەناڵێنێت. لە لوتکەی دەسەڵاتەکەیدا لە 2014-2017، خەلافەتەکەی داعش مەرگ و ئەشکەنجەی سەپاند بەسەر کۆمەڵگەکاندا لە خاکێکی بەرفراوانی عێراق و سوریادا. سەرکردەکەی ئەو کاتەی، ئەبوبەکر ئەلبەغدادی، کە لە ساڵی 2019 دا لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکاوە لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا کوژرا، لە نادیارییەوە دەرکەوت و سەرکردایەتی خەلافەتەکەی کرد و خۆی بە خەلیفەی موسوڵمانان ناوبرد. خەلافەتەکە لە ساڵی 2017 دا لە عێراق ڕووخا، کە لەوێ ڕۆژێک لە ڕۆژان بنکەیەکی هەبوو کە 30 خولەک لە بەغدادەوە دووربوو، لە سوریاش لە ساڵی 2019 دا ڕووخا. داعش پەرتەوازەبوو، سەرکردایەتییە نهێنییەکەی و بە گشتی قەبارەکەی قورسە بزاندرێت، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت 10,000 کەسییان ماونەتەوە. هاوپەیمانێتییەکە بە سەرکردایەتی ئەمەریکا، کە نزیکەی 4000 سەربازیی ئەمەریکایی لە عێراق و سوریا لە خۆدەگرێت، بەردەوام بوو لە لێدانی داعش لە ڕێی هێرشی ئاسمانی و ئۆپەراسیۆنەوە، سوپای ئەمەریکاش دەڵێت سەدان چەکدار و سەرکردە لەو هێرشانەدا کوژراون و دەستگیرکراون. بەڵام هێشتا ڕێکخراوی داعش توانیویەتی چەند ئۆپەراسیۆنێکی گەورە ئەنجام بدات لە کاتێکدا کە هەوڵدەدات خۆی دووبارە دروست بکاتەوە و بەردەوامە لە هاندان بۆ هێرشە تاکەکەسییەکان، لەوانەش هێرشەکەی نیو ئۆرلیانز کە 14 کەسی تێدا کوژرا. یەکێک لە هێرشەکانی دیکەی لە مانگی سێی ساڵی 2024 دا بوو کە لەلایەن چەند چەکدارێکەوە لە هۆڵێکی میوزیک لە ڕووسیا ئەنجامییاندا و لانیکەم 143 کەس کوژران، دوو تەقینەوەشییان لە ماوەی مەراسیمێکی فەڕمیدا لە شاری کرمانی ئێران لە مانگی یەکی ساڵی 2024 دا ئەنجامدا کە نزیکەی 100 کەس کوژران. لە مانگی 10 دا بەڕێوبەری کاربەڕێکەری ناوەندی دژە تیرۆری نیشتیمانی ئەمەریکا برێت هۆلمگرین وتی سەرەڕای فشارەکانی دژە تیرۆر، ڕێکخراوی داعش خۆی ڕێکخستووەتەوە، " ئۆپەراسیۆنە میدیاییەکانی چاک کردووەتەوە، دەستیکردووەتەوە بە پلانگێڕییە دەرەکییەکانی." فاکتەرە جیۆسیاسییەکان یارمەتی داعشییان داوە، جەنگەکەی ئیسڕائیل دژی حەماس لە غەززە بووە هۆی توڕەییەکی بەرفراوان کە جیهادییەکان ئەو توڕەییە بەکاردەهێنن بۆ بە دەستهێنانی چەکدار. مەترسییەکان لەسەر کوردەکانی سوریا کە هەزاران زیندانی داعشییان لە زیندانەکاندا گرتووە دەکرێت کرانەوەیەک بۆ گروپەکە دروست بکات. دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسای ئەمەریکا وتوویانە ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی نیو ئۆرلیانزی نەگرتووەتە ئەستۆ یاخود لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ستایشی نەکردووە، سەرەڕای ئەوەی لایەنگرەکانی ئەو کارەیان کردووە. بەرپرسێکی بەرگری ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی نیگەرانییەکان زیاتر بوون سەبارەت بە زیادبوونی هەوڵەکانی داعش بۆ بەکرێگرتنی خەڵک و سەرهەڵدانەوەیان لە سوریادا. ئەو نیگەرانییانە زیاتر بوو دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە سوریا و ئەگەری سەرهەڵدانەوەیان لە بوونی ئەو بۆشاییەدا کە لە سوریا دروست بووە. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن هۆشداری داوە لەسەر ئەوەی کە داعش هەوڵی بەکارهێنانی ئەم ماوەی نادیارییە دەکات بۆ دووبارە دروستکردنەوەی تواناکانی لە سوریادا، بەڵام وتی ئەمەریکا سوورە لەسەر ئەوەی ڕێگە نەدات ئەوە ڕووبدات. وتی " مێژوو پیشانی دەدات کە چۆن ئەو ساتانەی کە باش دیارن دەتوانن بە خێرایی بگۆڕێن بۆ ململانێ و توندوتیژی." تیمێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە چاودێری چالاکییەکانی داعش دەکەن لە مانگی حەوتدا بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانییان وت " مەترسی دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش " هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و نیگەرانی هەن سەبارەت بە تواناکانی داعشی خۆراسان لە ئەفغانستان بۆ ئەنجامدانی هێرش لە دەرەوەی ئەو وڵاتە. حکومەتەکانی ئەوروپا داعشی خۆراسانییان بە " گەورەترین مەترسی تیرۆری دەرەکی بۆ سەر ئەوروپا " ناوبردووە. جیم جێفری باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا بۆ عێراق و تورکیا و نوێنەری تایبەت بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شکستهێنان بە داعش وتی داعش لە مێژە هەوڵی هاندانی هێرشی تاکەکەسی داوە، وەکو ئەو هێرشەی کە لە نیو ئۆرلیانز ئەنجامدرا. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز