دوو بەرپرسی ئەمەریکایی وتییان بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن کۆنگرێسی ئاگادار کردووەتەوە لە گرێبەستێکی فرۆشتنی چەک بە ئیسڕائیل بە بەهای 8 ملیار دۆلار. گرێبەستەکە پێویستە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا و ئەنجومەنی سیناتەوە پەسەند بکرێت، لە پاکێجەکەدا فڕۆکەی شەڕکەر و هێلیکۆپتەری هێرشبەر و تەقەمەنی تۆپهاوێژیشی تێدایە. بەپێی سەرچاوەکان، پاکێجەکە بۆمبی بچووکیش لە خۆدەگرێت. سەرچاوەیەکی نزیک لە پاکێجەکەوە وتی بایدن ڕوون بووە لەوەدا کە ئیسڕائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە هاووڵاتیانی بکات " بە شێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیدا." هەروەها ڕوونیش بووە لەوەدا کە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی ئەو توانایانەی کە ئیسڕائیل پێویستی پێیانە بۆ بەرگریکردن لە خۆی. جێی ئاماژەیە خۆپیشاندەران چەندین مانگە داوا دەکەن چەک نەدرێت بە ئیسڕائیل، بەڵام سیاسەتی ئەمەریکا هەر وەکو خۆی ماوەتەوە. لە مانگی هەشتدا ئەمەریکا فرۆشتنی فڕۆکەی شەڕکەر و کەلوپەلە سەربازییەکانی دیکەی بە ئیسڕائیل پەسەند کرد کە بەهاکەیان گەیشتە 20 ملیار دۆلار. بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا دەڵێت یارمەتی هاوپەیمانەکەی دەدات بەرگری لە خۆی بکات دژی ئەو گروپە چەکدارییانەی کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات، لەوانەش، حەماس لە غەززە، حزبوڵا لە لوبنان و حوسییەکان لە یەمەن. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز