دوای ئەوەی باوەڕوابوو کە لە هێرشێکی داعشدا لە ساڵی 2014 دا بۆ سەر گوندەکەیان کوژراوە، کچێکی ئێزدی لە پارێزگای دهۆکی هەرێمی کوردستان بە خێزانەکەی شاد بووەوە. کچەکە، سیلڤانا خازر، بە شەفەق نیوزی وت " باوکم و برا گەورەکەم لەلایەن داعشەوە کوژران، هیچ شتێکیش نازانین سەبارەت بە چارەنووسی دایکم و برا بچووکەکەم، ئەوان هێشتا بێسەروشوێنن." خزمێکی سیلڤانا، ڕەعد ئەحمەد، وتی " دوای گەڕانێکی زۆری بێ سوود، خێزانەکە باوەڕی وابوو کە ئەو مردووە، لەبەرئەوە لە گۆڕستانی کۆجۆ گۆڕێکی سیمبوولییان بۆ هەڵکەند." گەڕانەوەی سیلڤانا هیوایەکە بۆ ئەو ڕزگاربووانەی ئێزدییەکان کە هێشتا بە دوای خۆشەویستانییاندا دەگەڕێن، هەروەها بە بیر هێنانەوەیەکە لەسەر ئەو هەموو تراجیدیایەی کە چەندین ساڵ جەنگ و تیرۆر لە عێراقدا دروستیکردوون. گوندەکەی، کۆجۆ، یەکێک بوو لەو ناوچانەی ئێزدییەکان کە لە ماوەی لەشکرکێشییەکەی داعشدا لە ساڵی 2014 دا زیانێکی گەورەی بەرکەوت، لەوێ کۆمەڵکوژی و تاوانی دڕندانە ڕوویدا، بووە هۆی ئاوارەبوون و پەرتەوازەبوونی دانیشتوانەکەی و لە دەستدانی سەدان لە منداڵەکانییان. ئێزدییەکان نزیکەی 500,000 کەسن لە عێراقدا، لەلایەن داعشەوە هێرشییان کرایە سەر کاتێک گروپە تیرۆریستییەکە خاکێکی بەرفراوانی لە سوریا و عێراقدا کۆنتڕۆڵ کرد. لە 3 ی مانگی هەشتی ساڵی 2014 دا چەکدارانی داعش کۆنتڕۆڵی شنگالییان کرد، بەپێی ئامارەکان نزیکەی 1,290 ئێزدی سڤیل کوژران، لەو کاتەشەوە زیاتر لە 70 گۆڕی بە کۆمەڵ و ژمارەیەکی زۆر لە گۆڕی تاکەکەسی لە شنگال دۆزراونەتەوە.