زانایان هۆشداری لە مەترسییەکانی کەلوپەلی پلاستیک لە چێشتخانە و نێوماڵ دەدەن

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-05 22:20:18 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی دەڵێت شیانی هەیە بەکارهێنانی ڕۆژانەی کەلوپەلی پلاستیکی نێوماڵ گاریگەریی دروستکردبێت لەسەر ملیۆنان کەیسی نەخۆشی دڵ و جەڵتەی مێشک و مردن لە چەند ساڵی ڕابردوودا. لێکۆڵینەوەکە دەڵێت ئەو کەلوپەلانەی نێوماڵ کە پلاستیکی جۆری بیسفۆناڵ (BPA) و لە گرووپی پلاستیکەکانی فاڵیت (DEHP) و پۆلیبریمینەیتد بایفینیل (PBDE) لە پێکهاتەکەیاندا هەیە، ماددە کیمیاوییەکانیان دەچن بۆ ناو جەستەی مرۆڤ و ئەگەری هەیە کاریان کردبێتە سەر نەخۆشکەوتن و مردنی ملیۆنان کەس. ئەم جۆرانەی پلاستیک لە پێکهاتەی چەندین کەلوپەلی ڕۆژانەدا هەن وەکو بوتڵی ئاو و دەفری پلاستیکی و زەرف و کەوچک و قاپی پلاستیک و سۆندەی ئاو، وە هەروەها ئەو یارییە پلاستیکییانەی منداڵان دەیانجەنە دەمیانەوە.   تیمێکی نێودەوڵەتی پسپۆڕان لە ئەمەریکا و ئوسترالیا هەستاون بە شیکاری بۆ هەزار و 700 لێکۆڵینەوە کە لە 38 وڵاتی جیاواز ئەنجامدراون. دەڵێن ئەنجامەکان مایەی نیگەرانین، هەرچەندە ڕەخنەگران پێیان وایە بەڵگەی بەهێزتر پێویستە بۆ زانینی کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی ئەو پلاستیکانە لەسەر تەندروستی. لێکۆڵینەوەکە لەسەر بنەمای داتای ساڵی 2015 بۆ ئەو 38 وڵاتە دەڵێت، پێشبینی دەکرێت ڕێژەی نزیکەی 5 ملیۆن و نیو حاڵەتی دروستبوونی نەخۆشی دڵ و 346 هەزار حاڵەتی جەڵتەی دڵ پەیوەندییان بە بەرکەوتن لەگەڵ پلاستیکی BPA هەبێت. دەڵێت ئەو جۆرە لە پلاستیک بووەتە هۆی مردنی 431 هەزار کەس لەو ساڵەدا. توێژەران دەڵێن، "پاراستنی تەندروستی مرۆڤ لە مەترسییەکانی ئەو ماددە کیمیاییانەی لە پلاستیکەکاندا هەن پێویستی بە گۆڕینی ڕیشەیی دەبێت لە یاسای کیمیایی نیشتمانی لە چەندین وڵاتدا، لەنێویان ئەمەریکا و کەنەدا و یەکێتی ئەوروپا." ئەم لێکۆڵینەوەیە لە کاتێکدایە چاودێرانی تەندروستی هۆشداری دەدەن لە زیادبوونی بەردەوامی ڕێژەی پلاستیک لە جەستەی مرۆڤدا. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی کە ساڵی 2024 لە زانکۆی نیو مەکسیۆ لە ئەمەریکا ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە لە هەشت ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی پێکهاتەی پلاستیک لە مێشکی مرۆڤدا بە شێوەیەکی خێرا بەرزبووەتەوە و گەیشووەتە 0.5%.