توێژەران دەڵێن زیرەکی سەگ هاوتایە لەگەڵ زیرەکی مرۆڤی تەمەن 2 بۆ 3 ساڵ

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-06 01:25:18 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

لێکۆڵینەوە زانستییەکان دەمێکە ئەنجامی سەرسامکەر سەبارەت بە زیرەکی گیاندارانی وەکو هەندێک جۆر لە مەیمون و دۆلفین و فیل و بەراز بڵاودەکەنەوە. ئەی سەگ، کە هەزاران ساڵە هاوڕێ و هاوبەشی مرۆڤە، ئاستی زیرەکی بەراورد بە مرۆڤ چەندە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسارە، ستانلی کۆرن پڕۆفیسۆری سایکۆلۆژی زانکۆی بریتیش کۆڵۆمبیا لە کەنەدا ژیانی لێکۆڵینەوەی خۆی بۆ شارەزابوون لە ژیری سەگ تەرخانکردووە. لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەکانییەوە هەستاوە بە دانانی پێوەرێکی دەروونی بۆ هەڵسەنگاندنی توانای ژیری سەگ. ستانلی کۆرن دەڵێت، "لە بنەڕەتدا بۆمان دەرکەوتووە کە عەقڵی سەگێکی ئاسایی بە نزیکەیی هاوتایە لەگەڵ عەقڵی منداڵێکی تەمەن 2 ساڵ و نیو." دەشڵێت توانای زیرەکییەکە بە گوێرەی جۆری سەگەکان دەگۆڕێت بەڵام بە گشتی هاوتایە لەگەڵ مرۆڤی نێوان تەمەن 2 بۆ 3 ساڵ. جەخت دەکاتەوە لە توانای سەگ بۆ وشەسازی و توانای ژماردن و هەبوونی ئاستێکی بەرز لە هۆشیاری سۆزداری. توێژینەوەکەی زانکۆی بریریش کۆڵۆمبیا دەریخستووە سەگی ئاسایی دەتوانێت لە نزیکەی 165 وشە و هێمای مرۆڤ تێبگات. هەندێک جۆر لە سەگی زیرەک زۆر لەو ژمارەیە زیاتر تێدەگەن؛ بۆ نمونە سەگی بەریتانی بۆردەر کۆڵی دەتوانێت زیاتر لە هەزار وشە تێبگات.    ستانلی کۆرن دەڵێت لە توێژینەوەکان دەرکەوتووە زۆربەی سەگەکان توانای ئەوەیان هەیە ژماردن لە نێوان 1-3 بناسنەوە و خاوەن سەگەکان دەتوانن لە ماڵەوە ئەو تاقیکردنەوەیە ئەنجامبدەن. بۆ نمونە، ئەگەر سێ پارچە خۆراکی دڵخوازی سەگەکێک بهێنیت و هەرسێکیان بخەیتە سەر دەستت و پیشانی سەگەکەیان بدەیت، پاشان پارچە خۆراکەکان لەناو لەپی دەستت حەشاربدەیت و تەنها دوو دانەیان بدەیت بە سەگەکە، توێژینەوەکە دەڵێت بۆت دەردەکەوێت سەگەکە توانای هەیە درک بەوە بکات کە تۆ یەکێک لە پارچە خۆراکەکانت نەداوە پێی و بەدوای دۆزینەوەی دەگەڕێت لە ناو لەپی دەستت.