یەكێتیی وەبەرهێنەران: 34 پڕۆژەی ستراتیژی دەستیان بە كار كردووەتەوە

دوا نوێکردنەوە: 2020-05-13 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی دەوامی فەرمیی فەرمانگەكان دەستی پێكردەوە، 34 پڕۆژەی ستراتیژی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەستیان بە كار كردووەتەوە.

بەشار عەلی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكێتیی وەبەرهێنەران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بە هۆی قەدەغەی هاتوچۆ و نەخۆشیی كۆرۆناوە، لە هەرێمی كوردستان پڕۆژەكانی وەبەرهێنانیش راگیرابوون، بەڵام دوای دەستپێكردنەوەی دەوامی فەرمیی فەرمانگە حكوومییەكان، جارێكی دیكە ئەو پڕۆژانە، كە پڕۆژەی ستراتیژین و ژمارەیان 34 پڕۆژەیە، دەستیان بە كار كردووەتەوە".

عەلی گوتیشی: "هەر پڕۆژەیەك بەپێی توانای خۆی دەست بە كار دەكاتەوە، وەكو پڕۆژەی رێگای نێوان هەولێر بۆ دهۆك و پڕۆژەی شەقامی 150 مەتری و چەند پڕۆژەیەكی دیكەش، كە لە سنووری پارێزگایی سلێمانین".

ناوبراو باسی لەوەش كرد، هەموو پڕۆژەكان دەست پێدەكەنەوە، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان جارێ تەمویلی راگرتووە.

 

بڵند ئیبراهیم