ماکرۆن دەڵێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نزیک بووەتەوە لە خاڵێک کە گەڕانەوەی نیە

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-06 16:55:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن ڕۆژی دووشەممە وتی پەرۆشییە جێناکۆکی لەسەرەکەی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم نزیک بووەتەوە لە خاڵێک کە گەڕانەوەی نیە و هاوبەشە ئەوروپاییەکانیش دەبێت بیر لە سەپاندنەوەی سزاکان بکەنەوە ئەگەر هیچ بەرەوپێشچوونێک نەبێت لەگەڵ تاراندا. ماکرۆن لە ماوەی وتارە ساڵانەییەکەیدا بۆ باڵیۆزەکانی فەڕەنسا کە تێیدا ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکە دەخاتەڕوو، ئێرانی بە سەرەکیترین " ئاستەنگی ستراتیژی و ئاسایشی " ناوبرد بۆ فەڕەنسا و ئەوروپاش. ماکرۆن وتی " خێراکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکە نزیکمان دەکاتەوە لە خاڵێک کە گەڕانەوەی نیە." ئێران دەڵێت پیتاندنی یۆرانیۆمەکەی بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە، لە ساڵی 2018 ەوە دوای ئەوەی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە، تاران پیتاندنی یۆرانیۆمی زیاتر کردووە، ئەمەریکاش سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا. مەبەست لەو ڕێککەوتنە سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بوو لە بەرامبەر لابردنی سزا نێودەوڵەتییەکاندا. زلهێزەکانی ئەوروپا، ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەڕیتانیا، مانگی ڕابروو وتییان کارەکانی ئێران هەوڵەکانی خراپ کردووە بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە و یۆرانیۆمێکی پیتێندراوی زۆری دەبێت بەبێ ئەوەی " پاساوێکی مەدەنی متمانەپێکراوی هەبێت." سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕافایل گرۆسی مانگی دوانزە وتی کۆماری ئیسلامی " بە شێوەیەکی بەرچاو " پیتاندنی یۆرانیۆمی خێرا کردووە و لە ئێستادا بە ڕێژەیەکی نزیک لە سەدا 90 یۆرانیۆم دەیپیتێنێت، کە پێویستە بۆ دروستکردنی بۆمبێکی ئەوتۆمی. ماکرۆن وتی " لە مانگەکانی داهاتوودا دەبێت پرسیار لە خۆمان بکەین کە ئایا میکانیزم بەکاربهێنین بۆ گەڕاندنەوەی سزاکان یان نا." ماکرۆن وتیشی موشەکە باڵیستیکییەکانی ئێران و پشتیوانییەکانی بۆ ڕووسیا بە هەمان شێوە مەترسین بۆ سەر ئەوروپا و ئەمەش دەبێت بە یەکێک لەو بابەتە سەرەکییانەی کە لەگەڵ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا تاوتوێ دەکرێت کاتێک وەکو سەرۆک دەستبەکار دەبێت. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز