ماکرۆن دەڵێت فەڕەنسا دەستبەرداری هێزە کوردییەکانی سوریا نابێت

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-06 18:25:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن ڕۆژی دووشەممە جەختی لەوە کردەوە کە فەڕەنسا دەستبەرداری ئەو هێزە کوردییانە نابێت کە ڕۆڵێکی زۆر گرنگییان هەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا لە سوریا. ماکرۆن لە ماوەی وتارە ساڵانەییەکەیدا بۆ باڵیۆزەکانی فەڕەنسا هۆشداریدا دژی تێڕوانین لە پرسی گۆڕانی ڕژێم لە سوریا بە ساویلکەیی. جەختی لە پابەندبوونی فەڕەنسا کردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە پڕۆسەی گواستنەوەی سوریا بە جۆرێک کە ئەو پڕۆسەیە هانی سوریایەکی سەروەر بدات، نوێنەرایەتی سەرجەم چین و نەژاد و سیاسییەکانی سوریا بکات. وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان نۆیل بارۆت هەفتەی ڕابردوو وتی کوردەکان دەبێت ڕۆڵێکی تەواوکەرییان هەبێت لە پێکهێنانی داهاتووی سوریادا. ماکرۆنیش لەلای خۆیەوە بەڵێنیدا بەردەوام بێت لە پشتیوانییەکانی بۆ " شەڕکەرانی ئازادی "، لەوانەش کوردەکان، کە ڕۆڵێکی سەرەکی و گرنگییان هەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، بە تایبەتی لە شکستهێنان بە ڕێکخراوی داعشدا. سەرچاوە: فرانس پرێس