کۆنگرێسی ئەمەریکا بە هەردوو ئەنجومەنەکەیەوە، ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی سینات، سەرکەوتنی دانۆڵد ترامپ، کاندیدی کۆمارییەکانی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 ی سەرۆکایەتی ئەمەریکا پشتڕاستکردەوە، پاش جیاکردنەوەی دەنگی نوێنەرانی 50 ویلایەتەکەی ئەمەریکا. پرۆسەکە ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرێس بە سەرپەرشتی کاملا هێرس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بەڕێوەچوو و دانۆڵد ترامپ بە دەنگی 312 بەرامبەر 226 دەنگی کامڵا هێرس، کاندیدی دیموکراتەکان، بە سەرکەوتوو ڕاگەیەندرا و بەوەش دەبێتە 47 هەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بەو بۆنەیەوە وتی،" ئەمڕۆ بەپێی دەستور، کۆنگرێس هەردوو ئەنجومەنەکەی پێکەوە کۆبووەوە بۆ جیاکردنەوەی دەنگی نوێنەرەکان و پشتڕاستکردنەوەی دەنگەکانی دەستەی هەڵبژاردن کە سەرۆک دانۆڵد جۆن ترامپ سەرۆکی 47 هەمینی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە. لە ماوەی دوو هەفتەدا سوێندی یاسایی دەخوات و گەورەترین گەڕانەوەی سیاسی لە مێژووی ئەمەریکادا تۆماردەکات. ئەو هەڵبژاردنە گەورەیەی بەدەستیهێناوە و مۆڵەتەی لە لایەن خەڵکی ئەمەریکاوە پێیدراوە، وەها لە کۆنگرێس دەکات کات بە فیڕۆ نەدات لە جێبەجێکردنی یەکەم کارنامەی ئەمەریکا، وە ئێمەش لای خۆمانەوە ئامادەین دەستبەجێ کاربکەین." دانۆڵد ترامپ دووەم سەرۆکی ئەمەریکایە کە جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆک لە پاش دۆڕاندنی لە خولی پێشوو. سەرۆک گرۆڤەر کلیڤلاند لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 1888 لە بەرامبەر سەرۆک بنیامین ھێرسن شکستی هێنا، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1892 خۆی کاندیدکردەوە و توانی بەسەر سەرۆک بنیامین ھێرسن سەربکەوێت و ببێتەوە بە سەرۆک.