ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتان بە شێوەی ئۆنڵاین دەبێت

دوایین نوێکردنەوە 2020-05-13 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ژووری بازرگانیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بە هۆی قەدەغەی هاتوچۆوە بۆ وڵاتان، لە ئێستادا بە شێوەی ئۆنڵاین ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەكرێت و لە رێگەی پەیوەندیكردنەوە داوای كەلوپەل دەكرێت.

ئەسكەندەر محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "جموجۆڵی بازرگانی دوای ئاساییبوونەوەی دۆخی بازاڕ لە زیادبووندایە، لە ئێستاشدا بە هۆی قەدەغەی هاتوچۆوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە شێوەی ئۆنڵاین و پەیوەندییە، چونكە بازرگانانی هەرێمی كوردستان پەیوەندیی باشیان لەگەڵ بازرگانانی وڵاتان هەیە و هەرچی داوای بكەن بۆیان ڕەوانە دەكرێت، كە لە قۆناغی یەكەمدا هاوردەكردنی خۆراك بوو و ئێستاش بووەتە كەلوپەلی جوانكاری، كە دواتر ئەوانەی دیكەش هاوردە دەكرێن، بۆیە هیچ كێشەیەك لە هاوردەكردنی كەلوپەل نییە".

ناوبراو گوتیشی: "ئێمە بازرگانانی خۆمان هان داوە بۆ ئەوەی كەلوپەلی زیاتر هاوردە بكەن و ئەوانیش كەلوپەلێكی زۆریان هاوردە كردووە و حكوومەتیش بڕێكی زۆر خۆراكی كڕیوە، بۆ ئەوەی بەسەر هەژاراندا دابەشی بكات، بۆیە دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت تا هاتوچۆی نێوان وڵاتان دەكرێتەوە".

 

بڵند ئیبراهیم