ژمارەی قوربانییانی بوومەلەرزەکەی تبتی چین گەیشتە 126 کەس

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-07 18:25:18 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

دەزگای ڕاگەیاندنی چین بڵاویکردەوە ڕۆژی سێشەممە بەهۆی بومەلەرزەیەکی گەورەوە لە هەرێمی تبتی چین لانیکەم 126 کەس گیانییان لە دەستداوە و " ژمارەیەکی زۆر لە بیناکان " ڕووخاون، بوومەلەرزەکە لە چەند بەشێکی هیندستان و پایتەختی نیپاڵیش هەستی پێکراوە. تیمەکانی فریاگوزاری بە داروپەردبووی بیناکاندا دەگەڕان بە دوای ڕزگاربوواندا، بومەلەرزەکە لە شارۆچکەی تینگری داوە کە شارۆچکەیەکی بەرزە و دوورەدەستە، نزیکەی 80 کم لە باکووری چیای ئێڤێرێستەوە دوورە و دەکەوێتە سەر سنووری چین لەگەڵ نیپاڵدا. سانگجی دانگژی تەمەن 34 ساڵ سوپەرمارکێتێکی هەیە لە تینگری و زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە، وتی " لێرە خانووەکان لە قووڕ دروست کراون و کاتێک بومەلەرزەکە ڕوویدا زۆرێک لە خانووەکان ڕووخان." دەزگای هەواڵی شینخوای چین وتی نزیکەی 95 کەس گیانییان لە دەستداوە و 130 کەسی دیکە برینداربوون. وتیشی زیاتر لە هەزار خانووش زیانییان پێگەیشتووە. ناوەندی تۆڕی بومەلەرزەی چین وتی بومەلەرزەکە بە گوڕی 6.8 بووە، ناوەندی جیۆلۆجی ئەمەریکاش وتی بومەلەرزەکە بە گوڕی 7.1 بووە. تینگری کە سەرچاوەی بومەلەرزەکە بوو نزیکەی 62,000 دانیشتووی هەیە، شارۆچکەکە هێندەی لاسای پایتەختی تیبێت پێشکەوتوو نیە. زۆربەی ئەو خانووانەی کە ڕووخاون وادەردەکەوێت کە بە شێوازی کۆن دروستکرابێتن، لە بەرد و قوڕ و دار دروستکراون. سەرۆکی چین شی جین پینگ داوای " هەوڵێکی گەورەی گەڕان و فریاگوزاری کرد، کەمکردنەوەی زیانە گیانییەکان و دووبارە نیشتەجێکردنەوەی ئەوانەی زیانییان پێگەیشتووە بە شێوەیەکی گونجاو و دڵنیابوونەوە لە پارێزراوییان و گەرمبوونەوەیان لە وەرزی زستاندا." بەرپرسان دەڵێن زیاتر لە 3400 کارمەندی فریاگوزاری و زیاتر لە 340 کارمەندی تەندروستی ڕەوانەی شوێنەکە کراون. لە مانگی دوانزەی ساڵی 2023 دا بومەلەرزەیەک لە باکووری ڕۆژئاوای چین بووە هۆی گیان لە دەستدانی 148 کەس و ئاوارەبوونی هەزاران کەس لە هەرێمی گانسو. ئەوەش کوشندەترین بومەلەرزە بوو لە چین لە دوای ساڵی 2014 ەوە، لەو ساڵەدا زیاتر لە 600 کەس لە بومەلەرزەیەکدا لە هەرێمی یونانی باشووری ڕۆژئاوای چین گیانییان لە دەستدا. سەرچاوە/ فرانس پرێس