دوو پەنابەر لە نزیک کەناری دوورگەی ڕۆدسی یۆنان بە مردوویی دۆزرانەوە

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-07 18:25:18 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

پۆلیسی بەندەرەکانی یۆنان ڕۆژی سێشەممە وتی تەرمی دوو پەنابەریان لە ئاوەکانی نزیک دوورگەی ڕۆدس لە نزیک کەناری تورکیا دۆزراونەتەوە. پۆلیس بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت پەنابەرەکان " هەرزەکارێک و منداڵێک" بوون. دەڵێن هەردووکیان بەشێک بوون لە گروپێکی پەنابەران کە لە 63 کەس پێکهاتبوون و "خەڵکی ئەفغانستان و سوریا و ئێران و میسڕ بوون." گروپەکە لەلایەن پۆلیسەوە لە نزیک کەنداوی لادیکۆ بیندراون. پۆلیس وتیشی بەلەمەکەیان لە تورکیاوە هاتبوو، ئاماژەشی بەوەدا جارێ ڕوون نەبووەتەوە ئەم دوو پەنابەرە چۆن مردوون. وتیشی هێشتا بە دوای ئەوانەی دیکەدا دەگەڕێن. دوورگەی ڕۆدس کە گەورەترین دوورگەیە لە دوورگەکانی دۆدیکانێس لە دەریای ئیجەدا، لەم چەند مانگەی ڕابردوودا زیادبوونی ئەو پەنابەرانەی بە خۆیەوە بینیوە کە هەوڵ دەدەن بگەنە ئەوروپا، بە تایبەتی لە وڵاتانی ئەفریکا و ئاسیاوە دێن و لە دەست ململانێ و سزا و هەژاری هەڵدێن. حاڵەتەکانی خنکانیش شتێکی باون لە ئاوەکانی نێوان کەناری تورکیا و دوورگەکانی یۆناندا. دوو هەفتە لەمەوبەر هەشت کەس لە دەرەوەی دوورگەی ڕۆدس خنکان، ئەوەش دوای ئەوەی بەلەمەکەیان نقووم بوو، 26 کەسی دیکەش لەلایەن بەرپرسانی یۆنانەوە ڕزگارکران. سەرچاوە/ فڕانس پرێس.