وەزیری دەرەوەی ئوردن ئەیمەن سەفەدی ڕۆژی سێشەممە وتی ئوردن ئامادەیە لەگەڵ بەرپرسانی نوێی سوریادا کاربکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی باندەکانی قاچاخچێتیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و چەکەوە لەسەر سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات. سەفەدی پێشوازی لە هاوتا سوریاییەکەی ئەسەد ئەلشەیبانی و بەرپرسانی دیکەی سوریا کرد، ئەلشەیبانی و بەرپرسانی دیکەی سوریا لە گەشتێکدان بە وڵاتانی ناوچەکە و سەردانی هەریەک لە وڵاتانی سعودیە و قەتەڕ و ئیماڕاتیش دەکەن. سەفەدی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لە عەممان وتی " تاوتوێی پرسی سنوورەکە و مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان و چەک و تیرۆرمان کرد، هەروەها تاوتوێی هەوڵەکانی داعشمان کرد بۆ دووبارە خۆ ڕێکخستنەوەی." وتی " پێکەوە کاردەکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاستەنگییە هاوبەشانە." ئاماژەی بە دامەزراندنی کۆمیتەی هاوبەشدا لەسەر وزە و تەندروستی و بازرگانی و سەرچاوەکانی ئاو. وتیشی، "ئوردن هەمیشە لە پاڵ سوریادا دەوەستێت و گەلی سوریا شایستەی نیشتمانێکی ئازادن دوای چەندین ساڵ لە قورسایی." شەیبانی کە وەزیری بەرگری سوریا مورهەف ئەبوقەسرە و سەرۆکی هەواڵگری سوریا ئەنەس خەتابیشی لەگەڵدا بوو، هیوای خواست پەیوەندییەکی گەرموگوڕ لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەبێت. هەروەها داوای یارمەتی ئوردنی کرد لە لابردنی سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر سوریادا، کە لە ماوەی دەسەڵاتەکەی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەددا سەپێندراون بەسەر سوریادا. وتی بڕیارەکەی ڕۆژی دووشەممەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی هەندێک لە سزاکان لە ماوەی شەش مانگی یەکەمدا " بەرەوپێشچوونێک " بووە کە دەکرێت ڕێگە خۆش بکات لەبەردەم لابردنی سەرجەم سزاکاندا و ڕێگە بە سوریاییەکان بدات وڵاتەکەیان ئاوەدان بکەنەوە. شەیبانی وتی،"سوریا دەبێتە سەرچاوەی ئاسایش و سەقامگیری و هاریکاری لەگەڵ دراوسێکانی و وڵاتانی ناوچەکەشدا." لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ئوردن هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ سەرکوتکردنی هەوڵەکانی قاچاخچێتیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و چەکەوە لەسەر سنوورەکەی لەگەڵ سوریادا. سەرچاوە/ فڕانس پرێس.