ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند ئەندامانی هێزەکانی پشتیوانی خێرای سودان و میلیشیاکانی هاوپەیمانی کۆمەڵکوژییان لە سودان ئەنجام داوە و سزای بەسەر سەرکردەی گروپەکەدا سەپاند، ئەوەش لەسەر ململانێیەک کە بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنانی دیکە. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە بەیاننامەیەکدا وتی هێزەکانی پشتیوانی خێرای سودان و میلیشیاکانی هاوپەیمانی بەردەوام بوون لە هێرشەکانییان دژی هاووڵاتیانی سڤیل. وتیشی بە شێوەیەکی ڕێکخراو کوڕان و پیاوانییان لەسەر بنەمای نەژاد کوشتووە و بە مەبەست ژنان و کچانی نەژادێکی دیاریکراویان کردووەتە ئامانجی دەستدرێژیکردنی سێکسی و شێوازەکانی دیکەی توندوتیژی سێکسی. بلینکن وتی میلیشیاکانیش ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەیان کردووەتە ئامانج کە هەڵاتوون و خەڵکانی بێتاوانییان کوشتووە کە لە دەست شەڕەکە هەڵاتوون. بلینکن وتی " ئەمەریکا پابەندە بە سزادانی ئەوانەی کە بەرپرسن لەم کارە دڕندانانە." واشتن سزای بەسەر سەرکردەی هێزەکانی پشتیوانی خێرای سودان محەمەد حەمدان داگلۆدا سەپاند، سزاکان گەشتکردنی داگلۆ بۆ ئەمەریکا قەدەغە دەکەن و سەرجەم سەرمایەکانیشی لە ئەمەریکا سڕ دەکرێن. وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکی جیادا وتی " ماوەی نزیکەی دوو ساڵە حەمدانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەشداربووە لە ململانێیەکی چەکداریی دڕندەدا دژی هێزە چەکدارەکانی سودان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سودان، دەیان هەزاران کەسییان کوشتووە، 12 ملیۆن هاووڵاتی سودانییان ئاوارە کردووە، برسێتییەکی بەرفراوانیشیان دروست کردووە." سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرای نیمچە سەربازیی ماوەی 18 مانگە دژی یەکتر دەجەنگێن، قەیرانێکی مرۆییان لە سوداندا دروست کردووە و دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کۆشش دەکەن بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان. سەرچاوە/ فرانس پرێس