چیچیلیا سالا ڕۆژنامەنووسی ئیتاڵیایی لە ئێران ئازادکرا

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-08 16:25:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڕۆژنامەنووسی ئیتاڵی چیچیلیا سالا کە لە تاران بۆ ماوەی سێ هەفتە دەستبەسەر کرابوو، لە زیندان ئازاد کرا و بەرپرسانی ئیتاڵیا و میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئازادکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسەیان پشتڕاست کردەوە. نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا جۆرجیا مێلۆنی ڕایگەیاندووە فڕۆکەی هەڵگری چیچیلیا سالای تەمەن 29 ساڵ دوای "کارێکی چڕوپڕ لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسی و هەواڵگرییەکانەوە" تارانی بەجێهێشتوە و ئاماژەی بەوەشکردووە بە شێوەیەکی شەخسی دایک و باوکی سالای لەو هەواڵە ئاگادارکردووەتەوە. هەروەها میدیاکانی ئێران باسیان لە ئازادکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە کردووە، بەڵام بەرپرسانی ئێران هیچ لێدوانێکی دەستبەجێیان پێشکەش نەکردووە. سالا، پەیامنێری ڕۆژنامەی ئیل فولیبۆ 19ی مانگی دوازدە دوای سێ ڕۆژ لە گەیشتنی بە ڤیزەی ڕۆژنامەوانی لە تاران دەستبەسەر کرا. بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرمی ئیرنا، ئەو ڕۆژنامەوانە بە پێشێلکردنی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار کرابوو. شرۆڤەکارانی ئیتاڵیایی ڕایانگەیاندبوو کە ئێران سەلای ڕۆژنامەوانی وەک بارمتە دەستبەسەر کردووە بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنی محەمەد عابێدینی کە لە فڕۆکەخانەی مالپێنسای میلانۆ لە 16ی مانگی دوازدە بە فەرمانی ئەمەریکا دەستگیرکرابوو. پێشتر ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە پشتیوانی لە ئازادی ڕۆژنامەگەری دەکەن داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ڕۆژنامەنووسی ئیتاڵیایی چیچیلیا سالایان کردبوو. هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا باڵوێزی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە ڕۆما بانگهێشت کرد و داوای ئازادکردنی چیچیلیا سالا ڕۆژنامەنووسی دەستبەسەرکراوی ئەو وڵاتەی کرد کە نزیکەی سێ هەفتە لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە لە تاران دەستبەسەر کرابوو. لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران دەیان هاووڵاتی بیانی دەستگیرکردووە و بە شێوەیەکی سەرەکی تۆمەتی سیخوڕی و ئەمنیەتی داوەتە پاڵیان. گرووپەکانی مافی مرۆڤ، کۆماری ئیسلامییان بەوە تۆمەتبار کردووە کە لە ڕێگەی ئەم دەستبەسەرکردنانەوە هەوڵی بەدەستهێنانی سەرکەوتن و ئیمتیازاتی سیاسی لە وڵاتانی دیکە دەدات. حکومەتی ئێران ئەمە ڕەتدەکاتەوە.   سەرچاوە/AP