تورکیا هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی هێزە کوردییەکان لە سوریا دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-08 17:55:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

تورکیا هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ئەگەر کوردەکان لە سوریا مەرجەکانی ئەنکەرە بۆ گواستنەوەی دەسەڵات لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد قبوڵ نەکەن، ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی هێزە کوردییەکان لەو وڵاتە دەستپێدەکات. هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی سێشەممە بە سی ئێن ئێن تورکی ڕاگەیاند ئەگەر یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) پابەند نەبن بە داواکارییەکانی ئەنکەرە، "رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر". پاشان وەڵامی پرسیارێکی سەبارەت بە سروشتی ئەم ڕێوشوێنانە دایەوە و ڕایگەیاند کە "ئۆپەراسیۆنی سەربازی" لەخۆدەگرێت. ڕووخانی ئەسەد لەلایەن چەکدارەکانەوە کە تەحریری شام سەرکردایەتیان دەکات، ئەگەری دەستوەردانی ڕاستەوخۆی تورکیا لە سوریا لەدژی هێزە کوردییەکانی زیاتر کردووە. ئەنکەرە یەپەگە بەوە تۆمەتبار دەکات کە پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ەوە هەیە و ڕۆژئاواش ئەمە ڕەتدەکاتەوە. فیدان لە درێژەی قسەکانیدا وتی "ئەنکەرە لە ڕێگەی ئەمەریکاوە ئۆڵتیماتۆمی بە یەپەگە داوە." تورکیا لە ساڵی 2016ەوە چەندین ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە سوریا ئەنجامداوە بۆ ئەوەی هێزە کوردییەکان لە سنوورەکانی دوور بخاتەوە. بەڵام لە لایەکی ترەوە ئەم هێزانە بە هاوپەیمانی ئەمەریکا دادەنرێن کە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە شەڕی داعشدا هەبووە. وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەو چەکدارە بیانییانەی کە لە وڵاتانی جۆراوجۆری وەک ئێران و عێراقەوە چوونەتە سوریا، دەبێت دەستبەجێ وڵاتەکە بەجێبهێڵن، ئاماژەی بەوەشکرد پێدەچێت ئەوان لە ئێستادا بەنیازی ئەوە نەبن و ئەنکەرەش چاوەڕێی ئەوە دەکات.   سەرچاوە/فرانس ٢٤