وەزیرانی دەرەوەی ئیسرائیل و ئیمارات لە ئەبو زەبی کۆدەبنەوە

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-08 17:55:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

گیدۆن سەئار وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە گەیشتە ئیمارات و لە ئەبوزەبی لەگەڵ شێخ زاید ئال نهەیان وەزیری دەرەوەی ئیمارات کۆبووەوە و لە بارەی پێشهاتەکانی سوریا و هەروەها دۆخی ناهەمواری خەڵکی غەززە وتووێژیان کرد. ئەمە یەکەم سەردانی ئاشکرای وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلە بۆ ئەبوزەبی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا و بڕیارە هەردوولا پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان تاوتوێ بکەن. نووسینگەی وەزیری دەرەوەی ئیمارات لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بە هەر سێ زمانی عیبری، عەرەبی و ئینگلیزی هەواڵی کۆبوونەوەکەی ڕاگەیاندوو و نووسیوێتی " عەبدوڵڵا بن زاید پێشوازی لە گیدۆن سەئار وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەکات." لە نووسینەکەی ئەو وەزارەتەدا ئاماژە بەوەکراوە کە ئەو دوو بەرپرسە باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە کردووە، بەتایبەتی قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە. هەواڵی ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە پێشتر کۆبوونەوەی نهێنی سێ قۆڵی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بۆ تاوتوێکردنی پرسە ناوچەییەکان بڵاوکرایەوە. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە گوتەی کەسانی ئاگادار لە دانوستانەکان بڵاویکردبووە کە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریکا گفتوگۆی کردووە لەبارەی بەشداریکردنی لە ئیدارەیەکی کاتی بۆ بەڕێوبردنی غەززەی دوای جەنگ تا ئەو کاتەی دەسەڵاتێکی فەلەستینی چاکسازیکراو بتوانێت بەرپرسیارێتی ئەو کەرتە بگرێتە ئەستۆ. بە گوتەی دیپلۆماتکارانی بیانی و بەرپرسانی ڕۆژئاوا کە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، گفتوگۆکانی پشت پەردەی غەززە بریتی بوون لە ئەگەری ئەوەی ئیمارات و ئەمەریکا لەگەڵ گەلانی دیکە، بە شێوەیەکی کاتی سەرپەرشتی حوکمڕانی و ئاسایش و ئاوەدانکردنەوەی غەززە بکەن، ئەمەش دوای کشانەوەی سوپای ئیسرائیل و تا ئەو کاتەی دەسەڵاتی فەلەستین توانای ئەوەی هەبێت خۆی کارەکانی ئەو کەرتە جێبەجێ بکات. ئیمارات هاوبەشێکی ئەمنیی نزیکی ئەمەریکایە و بە پێچەوانەی زۆربەی دەوڵەتە عەرەبییەکانەوە پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیلیش هەیە. دیپلۆماتکاران و کاربەدەستانی ئاگادار لە دانوستانەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە ئەم پرسە ئامرازێک دەداتە دەستی ئەو وڵاتە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ حکومەتی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. ئەو سەرچاوانە کە داوایان کردووە ناویان ئاشکرا نەکرێت، ئاماژەیان بەوەشکردووە ئیسرائیل ئامادە نییە پلانی خۆی بۆ غەززە بخاتەڕوو دوای زیاتر لە ساڵێک لە شەڕ. ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاریان کردووە بۆ داڕشتنی پلانێکی کارا. دیپلۆماتکاران و بەرپرسان جەختیان لەوە کردوەتەوە کە ئەو بیرۆکانەی لە دانوستانەکانی ئیمارات سەریان هەڵداوە، وردەکارییان تێدا نەبووە و نەخراونەتە ناو پلانێکی فەرمی و نووسراو و نە لەلایەن هیچ حکومەتێکەوە قبوڵ نەکراوە. سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە کە لە دانوستانەکانی پشت پەردەدا، ئەبوزەبی پشتیوانی لە دەسەڵاتێکی فەلەستینی چاکسازی بۆکراو دەکات بۆ بەڕێوەبردنی غەززە، کەناری ڕۆژئاوا و قودسی ڕۆژهەڵات لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین؛ پرسێک کە تا ئێستا ئیسرائیل بە ئاشکرا دژایەتی کردووە. بەرپرسێکی ئیماراتی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، وڵاتەکەی بەشداری لە هیچ پلانێکدا ناکات کە چاکسازیی بنەڕەتی لە دەسەڵاتی فەلەستین و بەهێزکردنی دەسەڵاتی فەلەستین و دروستکردنی نەخشەڕێگای باوەڕپێکراو بەرەو دەوڵەتی فەلەستینی لەخۆ نەگرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم پرسانە کە لە ئارادا نین - پێویستن بۆ سەرکەوتنی هەر پلانێکی دوای غەززە". ڕێکخستنی خۆبەڕێوبەری سێ دەیە لەمەوبەر بەپێی ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان دامەزراوە و دەسەڵاتی سنوورداری لە کەناری ڕۆژئاوا و غەززە پێدراوە. ئەم ڕێکخستنە تا ئێستاش حوکمڕانی کەناری ڕۆژئاوا دەکات کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کۆنتڕۆڵکراوە، بەڵام کەرتی غەززە لە ساڵی 2007 کەوتە دەست حەماس. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، گفتوگۆی لەگەڵ چەند هاوبەشێک لە نێویاندا ئیمارات کردووە سەبارەت بە بژاردەکانی حوکمڕانی و ئاسایش و ئاوەدانکردنەوە و ڕەشنووس و پلان و بیرۆکەی جۆراوجۆر لەلایەن هاوبەشەکانەوە خراوەتەڕوو. وتەبێژەکە ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێکی زیاتر لەسەر "گفتوگۆ دیپلۆماسییە تایبەتەکان" بدات و وتی "ئەمە گفتوگۆی ڕاوێژکاری بوون کە بەردەوامن لەکاتێکدا ئێمە بەدوای باشترین ڕێگادا دەگەڕێین بۆ پێشەوە." جگە لە چاکسازیکردن لە ڕێکخستنی خۆبەڕێوبەری فەلەستین، چوار دیپلۆماتکار و بەرپرسی ڕۆژئاوایی ڕایانگەیاند کە بەرپرسانی ئیماراتی پێشنیاریان کردووە کە بەڵێندەرە سەربازییە تایبەتەکان وەک بەشێک لە هێزێکی ئاشتیپارێزی دوای جەنگ لە غەززە بەکاربهێنرێن. بەڵام دیپلۆماتکاران و بەرپرسانی ڕۆژئاوایی ڕایانگەیاندووە هەرچەشنە جێگیرکردنی ئەو جۆرە بەڵێندەرانە نیگەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوا دروست دەکات، ئەمەش بەو پێیەی کە ئەو بەڵێندەرە سەربازییە تایبەتانە کە لەلایەن ئەمەریکا و حکومەتەکانی دیکەوە بەکارهێنراون، پێشتر تۆمەتبار کراون بە ئەشکەنجەدان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و بەکارهێنانی هێزی زیادە، لەوانەش لە عێراق و ئەفغانستان. دوای 15 مانگ شەڕ لە غەززە کە بەشێکی زۆری ناوچەکەی وێران کردووە، پێشبینی دەکرێت ئاوەدانکردنەوەی غەززە بە دامەزراوە سیاسییەکانیشەوە چەندین ساڵ بخایەنێت و دەیان ملیار دۆلاری تێبچێت. سەرچاوە/رۆیتەرز/ئێکس