پەیامەکانی یەکێتی ئەوروپا کە لە ڕێگەی هەردوو وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و فەڕەنسا ڕاستەوخۆ گەیەندرانە ئەحمەد ئەلشەرع، فەرمانڕەوای نوێی سوریا، ڕوون و ئاشکران، ئەویش هەڵگرتنی سزاکان و کۆمەک و یارمەتیـیەکانی ئەوروپا بۆ سوریا بەستراونەتەوە بەوەی سوریا بەرەو کوێ دەڕوات. وەک خانم ئانالینا بێربووک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند ئەوروپا لە ئێستادا پشتیوانی لە سوریا دەکات، بەڵام کۆمەکی گروپە ئیسلامییەکانی ناکات. وتیشی ئەمە نەک تەنیا لە پێناو بەرژەوەندییە ئاسایشییەکانی ئەوروپایە، بەڵکو ئەمە خواستی پێکهاتە جیاوازەکانی سوریا و وڵاتانی ناوچەکەشە. پاشان خانم ئانالینا لەگەڵ ژان نۆئێل باغو، هاوتا فەڕەنساییەکەی جەختیانکردەوە کە پاراستنی کورد خاڵێکی سەرەکیـیە بۆ ئەوەی سوریا بە ئاشتییانە لە ناوخۆیدا بژی، بۆیە پێویستە دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا بە چارەسەرییەکی سیاسی لەگەڵ کورددا بگەن تاوەکو ئەوانیش ئامادەبن بێنە ناو پرۆسەی سیاسی وڵاتەکەوە. هەروەها بۆ شەرع و کاربەدەستانی دیکەی نوێی سوریایان دووپاتکردەوە پاراستنی مافەکانی ژنان پێوانەیەک دەبێت بۆ مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتەکەدا. دەپرسین: هەتا چەند پشتیوانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سوریا گرنگە؟ چۆن و بە چی یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت کۆمەک و یارمەتی سوریا بدات؟ ئایە مەرجەکانی ئەوروپا بۆ دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا قورسن؟ لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری: دکتۆر ئەمین فەرەج، بەرپرسی سەنتەری توێژینەوەی سیاسی و ستراتیژی کۆلیژی زانستە سیاسیەکان، مامۆستا لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین. دکتۆر سەروەر عەبدوڵا، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان. پروفیسوری یاریدەر عمران عومەر، پسپوڕی پەیوەندیی نێودەوڵەتی لە زانکۆی دهۆک. دکتۆر ئەمین فەرەج: ترسێکی نێودەوڵەتی هەیە لەلایەن یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا و وڵاتانی ترەوە کە ئەم قۆناغە بە شێوەیەک بێت کە ئەو گروپانەی ئێستا لە سوریان و دەسەڵاتیان لە دەستە بەهێزتربن لە ئایندەدا، مەترسی لەسەر ئاسایشی ناوچەیی دروست بکەن، مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی سوریا پێشێل بکەن، وە ئەمرێکی واقیع هاتووەتە ئاراوە کە ئەم گروپانە دامودەزگاکانی دەوڵەت بەڕێوەدەبەن لە هەمان کاتدا بە حەزەرەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، بۆیە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەیانەوێت بە شێوازێک پەیامەکەیان بە دەسەڵاتدارانی دیمەشق بگەیەنن کە بە شێوازێک سوریا بنیاد بنێنەوە کە گونجاو بێت لەگەڵ ویست و بەرژەوەندی ئەوان، وە سوریا نەبێتە هەڕەشە و مەترسی بۆ ئاسایشی نێوخۆیی خۆی و ناوچەکە و تەنانەت نێودەوڵەتیش، دەسەڵاتدارانی نوێیی سوریاش هەتا ئێستا بە شێوازێکی سیاسییانە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم پرسە کردووە، پەیامەکان هەتا ڕادەیەک ئیجابین، گرفت و ئاستەنگیش هەتا ڕادەیەک لە بەردەم ئەم قۆناغەدا ئەگەر نیەتەکانیش ڕاستەقینە بن، بەڵام کۆمەڵێک بەربەستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەن کە ڕێگرە لە بەردەم بنیادنانەوەی سوریایەکی نوێ لەسەر بنەمایەکی دروست. هاوکاری و پشتیوانی وڵاتان لەم کاتەدا بۆ دۆسیەی کورد لە سوریا پرەنسب نییە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی دەستکەوت بەدەست بهێنێت، هەرچەند ئەم پڕۆژەیەش بە تەواوەتی ڕەتدەکرێتەوە لەلایەن تورکیاوە، چونکە تورکیا هەتا ئێستاش ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە سوریا، هێزی سوریای دیموکرات ڕۆڵێکی گەورەی بینیووە لە ڕوبەڕوبونەوەی داعشدا، وە لەو ناوچانە ئیدارەیەکی خۆبەڕێوەبەری دروستکردووە، هێزیان هەیە، خاکیان بەدەستەوەیە، ڕێکخراون، ئامادەیشی دەربڕیووە لە سوریای نوێدا کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکات، بۆیە ڕەنگە لە بەرژەوەندی ئەمەریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش بێت کە پشتگیری کورد بکەن لەوەی بەشدار بێت لە بنیادنانەوەی سوریای نوێ وە مافی هەموو پێکهاتەکان لە چوارچێوەی ناناوەندی یان هەر شێوازێک کە لەسەری ڕێکبکەون. دکتۆر سەروەر: هەتا ئێستا ئەمەریکا وەک یەکێک لە وڵاتە زلهێزەکان کە نزیکەی لە 40%ی خاکی سوریای لە ژێر دەستە ئامادەنەبووە بە فەرمی مامەڵە لەگەڵ محەمەد جۆلانی بکات، هەر ئەوەی کە هەیە سەردانەکەی باربارالیڤ ک ەسەردانی سوریای کرد، نەچووە کۆشکەکەی تەنانەت ئامادەنەبوو دوای تەواوبوونی کۆبونەوەکەش کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ جۆلانی بکات ، بەڵام پەیامەکانی یەکێتتی ئەوروپا بۆ جۆلانی دوو پەیام بوو، یەکەم ، دیموکراسیەتی تەوافوقی نێوان هەموو پێکهاتەکان و بەشداری پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینیەکان لە سوریادا، هەروەها ئەوەی یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا مەبەستیانە و دەیانەوێت وەرگرن کە داعش سەرهەڵنەداتەوە. وەهای بۆ دەچم سەردانی شاندەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ لای دەسەڵتدارانی نوێی سوریا ئەمەریکای لە پشتەوە بێت، ئەویش ئەوەیە کە یەکێتی ئەوروپا ڕۆڵی هەبێت لە بنیادنانەوەی سوریای نوێ، تورکیا یاریکەری سەرەکی نەبێت لە ناو سوریادا. دکتۆر عمران عومەر: ئەوروپا یاریزانی سەرەکی نییە لە سوریا، وە نەیتوانیووە ئەو ڕۆڵە سەرەکییە ببینێت، تورکیا ڕۆڵی ماستەری بینیووە و هەیە لە سوریادا، ئەوروپا زیاتر پێویستی بە سوریایە نەک سوریا پێویستی بە ئەوروپا بێت، چونکە هەم ئەوروپا باجی شەڕی سوریای داوە، وە هەم ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی سوریا بەهۆی شەڕەوە ڕوویانکردووەتە ئەوروپا بە تایبەت ئەڵمانیا، بۆیە بۆ ئەوروپا گرنگە جارێکی تر دۆخی سوریا تێکنەچێت و ژمارەیەکی زیاتر لە پەنابەران ڕووبکەنەوە سوریا، هەروەها، ئەوروپا بە تایبەت ئەڵمانیا هەوڵی گەڕانەوەی پەنابەرانی سوریا دەدات لە ئەڵمانیاوە بۆ سوریاوە، بۆیە ئەوروپا موحتاجە وە مەفروزە هاوکاری سوریا بکات، هەر خۆی ئەوروپا ئێستا بە ملیۆنان یۆرۆ دەدات هەتا تورکیا سنوورەکانی واڵا نەکات بۆ پەنابەران هەتا بچنە ئەوروپا، بەلای ئەوروپاوە گرنگە حوکمڕانیەکی توندڕەوی ئیسلامی نەبێت، بەڵام بۆی گرنگ نییە ئەگەر حوکمڕانییەکی میانڕەوی ئیسلامی بێت لە سوریای داهاتوو، بۆیە گرنگترین شت بۆ ئەوروپا تەنها ئاسایشی خۆیەتی.