نۆژەنکارانی کڵێسایەکی بەناوبانگی گۆتیک لە ئەڵمانیا بە ڕێکەوت گەنجینەیەکی بەنرخ دەدۆزنەوە کە 816 دراوی زێڕ و زیوی تێدایە. ئەو دراوانە نزیکەی 400 ساڵ لەمەوبەر لە ژێر دامێنی پەیکەرێکدا لەم کڵێسایەدا لە شاری ئایسلێبنی ئەڵمانیا شاردرابوونەوە. پێدەچێت گەنجینەکە لە سەردەمی 'جەنگی سی ساڵەدا' ئەو کاتەی سەربازانی سویدی ناوچەکەیان تاڵان کردووە، شاردرابێتەوە. ئەم کڵێسایە ئەو شوێنەیە کە مارتن لوتێر، چاکسازیخوازی پرۆتستان کە بەیاننامەی 95 بڕگەیی خۆی دژی گەندەڵی لە کڵێسای کاسۆلیکیدا نووسیوە، چوار وتاری خۆی لە ساڵی 1546 تێیدا پێشکەش کردووە. نزیکەی سەد ساڵ دوای ئەوە لە دەوروبەری ساڵی 1640، کەسێک کڵێساکەی وەک شوێنێکی پارێزراو بۆ شاردنەوەی دارایی خۆی بەکارهێناوە. ئەو کەسە چوار کیسەی پڕ لە دراوی لە کونێکدا لە دامێنی پەیکەرێکی بەردی شنی شاردووەتەوە. ئەو دراوە زێڕینە بەنرخانە بە کاغەز پێچراونەتەوە و بە شێوەیەک ئاماژەیان پێکراوە کە پارەکە هی خەزێنەی کڵێساکەیە. ئەم گەنجینەیە لە جەنگی سی ساڵەدا (1618 تا 1648) شاراوەتەوە. ئەم شەڕە ئاماژەیە بۆ زنجیرەیەک ململانێ کە بە سەپاندنی ئایین لەلایەن ئیمپراتۆری ڕۆمانی پیرۆزەوە دەستی پێکرد و دواتر پەرەی سەند بۆ ململانێی سیاسی و خاک و بازرگانی لە ناوچەکانی دراوسێی ئەوروپادا. لەم شەڕەدا سەربازانی سوید چەندین جار شاری ئایسلێبنی ئەڵمانیایان تاڵان کرد. دانیشتووانی شارەکە ناچار دەکران سەربازانی سویدی لە ماڵەکانیاندا جێگیر بکەن و کرێی زۆریان پێ بدەن. توێژەران دەڵێن پلانیان هەیە دانە بە دانە لێکۆڵینەوە لە هەر دراوێک بکەن و دۆزینەوەکانیان بە شێوەی ئۆنلاین و لە مۆزەخانەی هونەری مۆریسبێرگ لە شاری هاله لە ویلایەتی ساکسۆنی-ئانهاڵت نمایش بکەن. سەرچاوە/ ماڵپەڕی لایڤ ساینس