دامەزراندی 28 كارمەند بە شێوەی گرێبەست لە پارێزگای هەڵەبجە و بەفەرمانی نوسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە گومان دەكرێت سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانبن، نیگەرانی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە و دەرچوانی دانەمەزراوی لێدەكەوێتەوە. نوخشە ناسیح قائمقانی هەڵەبجە لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند " دامەزراندنی ئەو 28 كارمەندە زۆر نیگەرانی كردین، ئێمە ماوەی سالێكە ئامادەكاری بۆ دامەزراندنی 500 فەرمانبەر دەكەین، چەندین جار لەگەڵ ئەنجومەنی ڕاژە كۆبوینتەوە و دڵنیایان كردوین دەستوەردانی تێدا ناكرێت،بەڵام بەدەر لەم دامەزراندنە چەند كەسێك هەستاون لە ڕێگەی لایەنی سیاسیەوە بێ گەڕانەوە بۆ ئیدارە 28 فەرمانبەریان دامەزراندووە." نوخشە ناسیح وتیشی، "ئێمە داواكارین ئەم دامەزراندنە ڕابگیرێت، لەبەرئەوەی چونكە دورە لە بنەمای یاسایی و دادپەروەریەوە،خەڵک هەیە 13 ساڵە دانەمەزراوە، بەڵام لەو لیستە تێیدایە بڕوانامەی نیە، ئێمە داوامان لە بەڕێوبەرە گشتیەكان كردووە بە هیچ جۆرێك دەستبەكاربوونیان بۆ نەكەن." پارتی دیموكراتی كوردستان ڕەتی دەكەنەوە، ئەو كارمەندانە لەسەرداواكاری ئەوان و بە لیستێك لە لقی 12ی پارتی لە هەڵەبجەوە ئاڕاستەی حكومەت كرابن نەسرین عەبدولقادر لێپسراوی ڕاگەیاندنی لقی 12 ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،"دوای ئەوەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی كرد، ژمارەیەك داواكاری لە خەڵگ وەرگرتووە كە داوای، دامەزران، هاوكاری، نامەی تایبەتی پێ دراوە و دواتر وەڵامدراونەتەوە." نەسرین عەبدولقادر وتیشی، "بەهیچ جۆرێك، هیچ لیستێك لەلایەن لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بۆ دامەزراندنی ئەو 28 فەرمانبەرە ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەكراوە." ڕۆژی پێنج شەمە 9ی مانگی 1ی 2025 ژمارەیەك لە دەرچوان و كاندیدانی دامەزراندن كە ناویان لە لیستی دامەزراندن هەیە، لەبەردەم دیوانی پارێزگای هەڵەبجە گردبوونەوەیەكیان ڕێكخست و نیگەرانی خۆیان لە نەگەڕانەوەی ناوەكانیان دەربڕی. بیلا عەباس، نوێنەری دەرچووانی دانەمەزراو لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،" لە دوای بڕیارەكەی حكومەت، دەرچوانی دانەمەزراو فۆڕمیان پڕكردەوە،بڕیار درا لەسەر كۆمەڵێك پێوەر كە نمرەی دەرچوون و جۆری بڕوانامە و پسپۆڕی و خۆبەخشی و شەهید و چەند پێوەرێكی دیكە بێت، دور لە ئینتیمای حیزبی و مەحسوبیەت، بەڵام تا ئێستا نازانین كێ دامەزراوە." بیلا عەباس وتیشی،" لەكاتێكدا فۆڕمەكانمان پڕدەكردەوە، 28 كەس كە سەربەلایەنێكی سیاسی دیاریكراون دوور لە هەموو پێوەر و فلتەرەكان ناویان گەڕایەوە بۆ دامەزراندن." لە 12ی مانگی 2 ی 2024 مەسرور بەرزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان كرد، دوای تاوتوێكردنی یاداشتێكی پارێزگای هەڵەبجە بڕیاری دامەزراندنی 500 فەرمانبەری گرێبەستیان بۆ پارێزگای هەڵەبجە دا. ئەنجومەنی ڕاژەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی فۆڕمێكەوە داواكاری لە نزیكەی 11 هەزار خوازیار وەرگرتووە كە دەیانەوێت دابمەزرێن، لە ڕێگەی ئیمێڵەوە كاندیدانی دامەزراوی ئاگاداركردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا بە ڕەسمی ناوی دامەزراوەكان ڕانەگەیەنراوە. بە نوسراوی ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە 14 ی 11 ی 2024 ، بە فەرمانێك بڕیاری دامەزراندنی 28 فەرمانبەر دراوە بۆ فەرمانگەكانی هەڵەبجە، كە بە ووتەی دانەمەزراوان سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانن، لە فەرمانەكەدا هاتووە " لەسەر فەرمانی نوسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیار درا بە دامەزراندنی 28 فەرمانبەری گرێبەست بۆ دامەزراوەكانی حكومەت لە پارێزگای هەڵەبجە ." دەنگی ئەمەریكا پەیوەندی كرد بە دیوانی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەڵامە پەیوەندیەكە بەردەست نەبوو. بەپێ بەدواداچوونەكانی دەنگی ئەمەریكا، پرۆسەی وردبینی بۆ دامەزراندنی 500 فەرمانبەری میلاك تەواوبووە و لە 28ی مانگی 11 ی 2024 ناوەكان ئاڕاستەی ئەنجومەنی ڕاژە كراوە بەڵام تا ئێستا ناوەكانیان ڕانەگەیەنراوە . شاهین حەمەڕەزا جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیان،" لەكۆی 11 هەزارداواكاری دامەزراندن 900 كەس دیاری كراوە بۆئەوەی لێكۆڵینەوە لە بەڵگەنامەكانیان بكرێت كە بزانرێت خەڵكی هەڵەبجەن و كۆدی ئاسایشیان هەیە یان نا، تا لەو ڕێگەوە، 500 فەرمانبەریان دیاری بكرێن." سەبارەت بە پرسیارێكی دەنگی ئەمەریكا لەسەر ئەو 28 فەرمانبەرەی دامەزراون،جێگری پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند،" زانیاریم لەسەریان نیە".